مالکی: متمانەمان بە دادگا هەیە و لە دوبارە دادگاییکردنی گەڕاوەکان بۆ وڵات پشتی پێدەبەستین
  2022-04-26       512       

نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا هەڵوێستی خۆی لەبارەی گەڕانەوەی"قوربانیانی تیرۆر"بۆ عێراق راگەیاند و ئاشکرایکرد، متمانەمان بە دادگای عێراق هەیە بۆ دوبارە دادگاییکردنەوەی تۆمەتباران.

نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا لە تویتێکدا کەلەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردوەتەوە رایگەیاندوە،"قوربانیانی تیرۆر و زیانلێکەوتوان مافی خۆیانە داوای مافی خۆیان لە تاوانباران بکەن، لە خێزانەکانیان کوشتون و هۆکاربون بۆ زیانگەیاندن بە ئەوان و  نیشتیمان و ئاسایشەکەی".

باسی لەوەشکرد،"مشتومڕ لەبارەی گەڕاوەکان و خۆرادەست کردنیان پرسێکی یاساییە و مشتومڕ و دروستکردنی قەیران هەڵناگرێت، ئێمە متمانەمان بە دادگا هەیە و پشتی پێدەبەستین کە خاوەنی بەرپرسیارێتییە لە گەڕاوەکان و دوبارە دادگاییکردنەوەیان بەشێوەی ئامادەبو بەگوڕەی رێوشوێنە یاساییەکان".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەئێستادا پرسی گەڕانەوەی ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییە سوننەکان بۆ عێراق کە لە ویلایەتی دوەمی مالکیدا، لەنێوان ساڵانی (2014-2018)، تۆمەتی تیرۆریان ئاراستەکراو وڵاتیان بەجێهێشت، مشتومڕی لەکایەی سیاسیدا دروستکردوە، کەهەندێک لایەن بە رێکەوتنی سیاسی ناوی دەبەن، لەگەڵ ئەوەشدا دادوەری عێراق هۆشداریداوە لە تێکەڵکردنی ناوی بەم مشتومڕانە.

ئەمڕۆش محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەیامێکدا هۆشداری لەبارەی پرسی گەڕانەوە ئەو تۆمەتبارانەوە دا و رایگەیاند،" لەکۆی پرۆسەی سیاسی هەڵوێستی جدی وەردەگرین، ئەمەش بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن چەکدارە نایاساییەکان و دەستگرتنیان بەسەر ئاسایشی وڵاتدا و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ نەمانی دەوڵەت و لاوازکردنی یاسا و تێکدانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×