ڕاوێژكارێكی كازمی: بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی قابیلی گفتوگۆ له‌سه‌ر كردن نییه‌
  2022-05-07       684       
هه‌یسه‌م جبوری

ڕاوێژكارێكی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌خت له‌جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای فیدڕاڵی سه‌باره‌ت به‌دۆسیه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت، بڕیاره‌كه‌ی دادگا قابیلی گفتوگۆ له‌سه‌ر كردن نییه‌، ده‌بێت جێبه‌جێبكرێت.

ئاوێنه‌: هه‌یسه‌م جبوری، ڕاوێژكاری ته‌كنیكی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی سه‌باره‌ت به‌كه‌رتی‌ وزه‌ی‌ هه‌رێم قابیلی گفتوگۆكردن نییه‌، مافی هه‌رێمیش نییه‌ كه‌ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێی ده‌كات یان نا.

وتیشی‌، حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ عێراق مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ ده‌ستبه‌رداری بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی ببن یاخود سازشی له‌سه‌ر بكه‌ن، بڕیاره‌كه‌ قابیلی گفتوگۆكردن نییه‌، هه‌رێمیش مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێده‌كات یان نا، چونكه‌ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌و بۆ جێبه‌جێكردنه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لەکۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکەیدا رایگەیاند،  "زیاتر لە 75 رۆژ لەگفتوگۆ‌و دەستپێشخەریی‌و هەوڵ‌و نەرمی نواندنی بەغداد لەگەڵ هەرێمی كوردستان، نەگەیشتە هیچ ئەنجامێك... بڕیارەکای دادگای فیدڕاڵی عێراق وەکو خۆی جێبەجێ دەکەین... چونكه‌ مه‌زاجی سیاسی ناتوانێت ببێته‌ رێنیشانده‌ر له‌پیشه‌سازی نه‌وتدا."

ئه‌م لێدوانانه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق دوای‌ بڕیارەكه‌ی دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ عێراق دێت كه‌ لەڕۆژی‌ 2022/2/15 دەرچوو، تێیدا یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 بەنادەستوری وه‌سفكردو هەڵیدەوەشێنێتەوە.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×