هاوڵاتیانی چەند شارێكی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دژبە گرانی خۆراك رژانە سەر شەقامەكان
  2022-05-13       661       

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، هاوكات لەگەڵ گرانكردنی نرخی ماددە خۆراكییەكان بەشێوەیەكی رەسمی، هاوڵاتیانی ئێران لە چەند شارو شارۆچكەیەكی ئێران رژانە سەر شەقامەكان و دروشمی دژبە عەلی خامەنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئەو وڵاتەیان وتوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، ئێوارەی دوێنێ، بەشێك لە هاوڵاتیانی چەند شارێكی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەوانە تاران و كرماشان و لوڕستان، لە دژی گرانبوونی نرخی خۆراك رژاونەتە سەر شەقامەكان و دروشمی دژ بە عەلی خامەنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێرانیان وتۆتەوەو داوای دەستلەكاركێشاوەی بەرپرسانی وڵاتیان كردوە.

بەپێی ماڵپەڕی بی بی سی هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنیان تەقەیان كردووەو ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەریشیان دەستگیركردوون.

خۆپیشاندانەكان هاوكات لەگەڵ ئەوەدا دەستیان پێكرد كە حكومەتی ئێران بەڕەسمی نرخی ماددە خۆراكییەكانی بەرزكردەوە.

بە گوێرەی میدیای فەرمی ئێران، لە خۆپیشاندانەكاندا چەندین كەس لە شارە جیاجیاكانی ئێران دەستگیركراون كە بەپێی هەواڵی ئەو میدیایە "ویستویانە ناڕەزایەتییەكان بقۆزنەوە بۆ تێكدان."

بەرلەوە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرانەوە كە دەردەكەوێت لە چەند بازاڕێكی شارە جیاجیاكانی ئێران خەڵكێكی زۆر پەلاماری دوكانەكان دەدەن بۆ كڕینی ماددە خۆراكییەكان لەوانەش رۆن.

ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوە ناڕەزایەتی شەوی رابردووی خەڵكی كرماشانە بەرامبەر بە گرانبوونی خۆراك كە تێیدا هێزە ئەمنییەكان رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە:

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×