ئەو گەنجەی شێوەزاری‌ سۆرانیی بۆ وەرگێڕانی‌ گۆگڵ زیادکرد، وردەکارییه‌كه‌ی‌ ده‌خاته‌ڕو
  2022-05-14       1220       
بۆکان جاف

ئەو گەنجەی شێوەزاری‌ سۆرانیی بۆ وەرگێڕانی‌ گۆگڵ زیادکرد، وردەکاریی چۆنیەتی دەستپێکردن‌و ئاستەنگییەکان‌و بەئەنجامگەیشتنی پرۆژەکە باس دەکات، دەشڵێت، نەبونی پاڵپشتیی دارایی‌و كەمیی سەرچاوەی زمانی كوردیی لەتۆڕەكانی ئینتەرنێت‌و بونی‌ كێشەی كیبۆردی كوردیی، ئاستەنگییەکانی بەردەم کارەکانیان بووە.

ئاوێنه‌: بۆكان حەسەن ناسراو بەبۆکان جاف، دەرچوی كۆلیژی زمان بەشی‌ ئینگلیزییە لەزانكۆی سلێمانی و پاش حەوت ساڵ لەهەوڵ و ماندبونی‌ بەردەوام، زمانی‌ کوردی شێوەزاری‌ سۆرانی‌ بۆ ناو زمانەکانی‌ گۆگڵ زیادکرد، کە دەتواندرێت لەو ڕێگایەوە زمانی‌ کوردیی‌ بۆ ١٣٣ زمانی جیهانی وەربگێڕدرێت.

بۆکان جاف لەلێدوانێکیدا بۆ سایتی‌ ڕۆژنیوز باسی لەوەکردووه‌، ئەو لەساڵی ٢٠١٥وە دەستی بەپرۆژەکەی کردووەو لەپاش حەوت ساڵ هەوڵدان و ماندوبونێکی‌ زۆرو ئەنجامدانی‌ چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای گۆگڵ لەوڵاتی هیندستان، دواجار لەناو زمانەکانی‌ گۆگڵدا سۆرانیی وەك تەواوی زمانەكانی دیكەی جیهان ناسێندراو لەئێستادا دەتوانرێت پرۆسەی وەرگێڕان وەك تەواوی زمانەكانی دیكەی جیهان لەناو گۆگڵدا ئەنجام بدرێت.

بۆکان وەک خۆی باسی دەکات، سەرەتا هەوڵەکەی تاکلایەنە بووە، دواتر کۆمەڵەیەکی دروستکردووەو خەڵکی دیکە چوونەتە ناو پرۆژەکەوە، دواجار توانیویانە زیاتر لەیەك ملیۆن‌و ٥٠٠ هەزار داتا لەناو گۆگڵدا جێگیر بکەن، كە برییتن لەبابەتەكانی تەندروستی، فیزیا، كیمیا، ئابووریی و چەندین بابەتی دیكە، کە دەتوانرێت لەئێستادا بۆ ١٣٣ زمانی جیهانی وەرگێڕانی بۆ بكرێت.

نەبونی پاڵپشتیی دارایی، كەمیی سەرچاوەی زمانی كوردیی لەتۆڕەكانی ئینتەرنێت، بونی‌ كێشەی كیبۆردی كوردیی، ئاستەنگییەکانی بەردەم کارەکانیان بووە، بۆکان دەڵێت، جگە لەوانەش گرفتێکی‌ دیکەمان ئەوەبوو، کە چۆن بگەین بەكۆمپانیای گۆگڵ و لەو ڕووەوە كونسوڵخانەی ئەمریكا هاوكاریی زۆری كردین بۆ ئەوەی بگەین بەتیمی تەكنیكی كۆمپانیای گۆگڵ، بەڵام حكومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتیەكی نەكردین لە پرۆژەکەیەدا.

بۆکان ئەوەشی خستەڕو، كێشەكانی بەردەمیان لەئێستادا سیستمی دەنگییە، كە جێگیر نەكراوە بۆ زمانی كوردیی شێوەزاری سۆرانیی، بەڵام لەكۆبوونەوەكانمان لەگەڵ كۆمپانیای گۆگڵ ئەوان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، کە لە داهاتوودا سیستمی دەنگییش كارا دەكەن، کە لەڕێگەیەوە دەتوانین لە یەك كاتدا وەرگێڕان بۆ پێنج هەزار وشە بكەین، لەو چوارچێوەشدا تا بەڕێزمانێکی‌ جوان بنووسین ئەوا زۆرتر و ئەكادیمیتر وەرگێڕان دەكات.

بۆکان جاف، ڕاشیگەیاندووه‌، تا توانیویانە گرنگییان بەوشەی كوردیی پەتی داوەو سیستمەكەش تائێستا دانەخراوەو دەتواندرێت بەردەوام وشەی بۆ زیادبکرێت و هەڵەكانی چاك بكرێت، هەروەها لە بەشی وەرگێڕان دەتواندرێت دەستكاریی وشەكە و ڕستە بکرێت و بیگۆڕدرێن بۆ وشە و ڕستەی دیكە.

بۆکان زیاتر لە ٢٣٥ هەزار دەقی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردیی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×