كۆمپانیای نەوتی باكور: حكومەتی هەرێم زیادەڕۆیی كردۆتە سەر دو كێڵگەمان‌و ده‌ستیبه‌سه‌ردا گرتووه‌
  2022-05-14       758       

لەراگەیەنراوێكدا كۆمپانیای نەوتی باكور بڵاویكردۆتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوکاری هێزیکی چەکدار، زیادەڕۆیی كردۆتەوە سەر كێڵگە نەوتییەكانی سەر بەكۆمپانیاكەیان. ده‌شڵێت، "كۆمپانیاكەمان سكاڵای یاسایی لەدادگاكانی تایبەتمەندی عیراق تۆماركردوە تائێستا چاوەڕیی یەكلاییكردنەوەین."

ئاوێنه‌: لەراگەیەنراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "لەبەردەوامی داگیرکاریەکانیداو بەهاوکاری هێزیکی چەکداری‌و تیمێکی هونەری، حکومەتی هەرێمی کورستان دەستیبەسەر هەردو بیرەنەوتی باسی حەسەن‌و داودا گرتووە، ئەوەش بەمەبەستی قۆستنەوەی هەلی بەدەستهێنانی وزە بەرهەمهێنراوەكانێتی بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان".

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ پێشتر ژمارەیەك زیادەڕۆیی و پێشێلكارییان بەدیكردووه‌ كە كراوەتە سەر كێڵگە نەوتییەكانی سەر بەكۆمپانیای نەوتی باكور لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەوانە كێڵگەكانی خورمەڵەو ئاڤاناو سەفیەو كۆرمۆر، "كۆمپانیاكەمان سكاڵای یاسایی لەدادگای تایبەتمەندی عیراق تۆماركردوە تائێستا چاوەڕیی یەكلاییكردنەوەین."

لەراگەیەندراوەکەدا کۆمپانیاکە ئەوەشی خستووەتەرو، ئەم کارەی حکومەتی هەرێم پێچەوانەی دەستورو یاساکانی رێکخستنی پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت‌و حکومەتی هەرێم‌و کۆمپانیاکانی نەوتە لەعێراق.

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ کۆمپانیای نەوتی باکور سەر بەکۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراقەو بەرپرسیاریتی ئەم هەنگاوە نا دەستورییە دەداتە پاڵ هەرێمی کوردستان‌و نەوتی عێراق موڵکی سەرجەم هاوڵاتیانەو پێویستە حکومەتی هەریم پابەندبێت بەیاساکانی رێکخستنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆمپانیای نەوت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×