بڕیارە ئەم هەفتەیە چەند کۆبونەوەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێتو پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی-یش دەڵێت، مەبەستیانه پەرلەمان وەک دەزگایەکی گرنگ پەکنەخرێت.
ئاوێنه: خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، بەماڵپەڕی حزبهكهی ڕاگەیاندووه، "ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان دەستیپێکردووەو بڕیارە ئەم هەفتەیە ھەندێک کۆبوونەوە بکرێت، لەھەنگاوی یەکەمدا سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان کۆدەبنەوەو دواتر کۆبونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانو سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی دەرچەیەک ھەبێت پەرلەمان دەست بەکۆبونەوەکانی بکاتەوە.''
ناوبراو دهڵێت، ''پارتی ھیچ مەرجێکی نییە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان، تەنیا مەبەستی ئێمە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان ئەوەیە پەرلەمان وەک دەزگایەکی گرنگ پەکنەخرێتو ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، من گەشبینم بەوەی دەبێت لەڕێگەی دانوستانەوە لێکتێگەیشتن ھەبێت و پەرلەمان کۆ ببێتەوە.''
خەدیجە عومەر ڕونیشیکردۆتەوە، بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن پێویستی بەیەکلاکردنەوە ھەیە، ئەوەش لەڕوی یاساییەوە پێویستی بەبۆچونی پەرلەمان ھەیە، ھەروەھا چەندین پرس و پڕۆژەی دیکە ھەن کە دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت، "ئێمە لەگەڵ پەکخستنی پەرلەمان نین، چونکە ئەو پڕۆژانەی ماون دەبێت یەکلابکرێنەوە.''