دادگاییکردنی پێنج چالاکوانی شێلادزێ لەدادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەدەچێت
  2022-05-14       364       


بڕیاره‌ ڕۆژی‌ دوشەممە 2022/5/16، دادگاییکردی پێنج چالاکوانی زیندانیکراوی شێلادزێ لەدادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەبچێت. نوێنەری چالاكوانه‌ زیندانییكراوه‌كانیش داوای‌ هه‌ڵوێست له‌یه‌كێتی‌‌، گۆڕان‌، نه‌وه‌ی‌ نوێ‌، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ ده‌كات كه‌ له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بن.

ئاوێنه‌: ئەیھان سەعید، رۆژنامەنوس‌و نوێنەری زیندانیانی بادینان له‌بانگه‌وازێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، دوشەممە 2022/5/16 دادگاییکردی پێنج چالاکوانی بەناحەق زیندانیکراوی شێلادزێ لەدادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەدەچێت.

ناوبراو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئەو زیندانیانەی‌ دادگایی دەکرێن کادری یەکێتی‌و گۆڕان‌و نەوەی نوێی تێدایە بەمشێوەیە:
مەحمود ناجی صدیق (چالاکڤان‌و ھەلسۆراوی دیاری گۆڕان).. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چالاکڤان‌و خۆبەشی نەوەی نوێ).. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
کوڤان گارق جبرائیل (چالاکڤان).. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چالاکڤان).. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چالاکڤان‌و کادری یەکێتی).. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠

ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ پێویستە ھێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش وەکو کۆمەڵی دادگەری‌و یەکگرتوی ئیسلامی‌و چینی نوخبە ھەمان ھەڵوێست وەربگرن، چونکە ئەم زیندانیانە خەلِکی سەربەخۆشی تێدایەو لەسەر ڕەخنەو خۆپیشاندان بۆ ماف‌و موچە دەستگیرکراون کە پرسێکی گشتیییەو ئەرکی ھەمو لایەکە دژی ئەم نادادیە بوەستێت.


ده‌قی‌ بانگوازه‌كه‌ی‌ ئەیھان سەعید - رۆژنامەنوس‌و نوێنەری زیندانیانی بادینان:


سێ خەجاڵەتننامەو یەک بانگەواز بۆ زیندانیانی بادینان

(گۆڕان، یەکێتی‌و نەوەی نوێ‌و لایەنەکان یەک توز وەفا بۆ کادرەکانتان ھەبێت‌و لەبەردەم دادگا ئامادەبن).

دوو شەممە ١٦/٥/٢٠٢٢ دادگاییکردی پێنج چالاکوانی بەناحەق زیندانیکراوی شێلادزێ لەدادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەدەچێت.
لەم دوسیەیەدا دەبێت سێ لایەن خەجالەت بن:
یەکەم: دەبێت پارتی خەجالەت بێت و فێری ئەلف و بێی دیموکراسی ببێت و چیتر بە ناحەق و بە نایاسایی چالاکوان و رۆژنامەڤان لەسەر بۆچونی جیاواز و خۆپیشاندانی مەدەنی زیندانی نەکات و بە چەک و زەبروزەنگ خەلکی بادینان سەرکوت نەکات تا خۆی بسەپێنێت.

دووەم: دەبێت دەستەڵاتی دادوەری لەم ھەرێمە خەجالەت بێت و سەروەری خۆیان بپارێزن، نەکەونە ژێر ڕکێفی حزب و ئەمر لە ھێزە ئەمنیەکەیان وەربگرن.

سێیەم: دەبێت یەکێتی، گۆڕان و نەوەی نوێ خەجالەت بن کە کادرەکانیان لە زیندانن و ئەوانیش تەنیا خەریکی بەیاننامەی بێکردار و چەند راپۆرتێکی میدیایین، ئەگەر ڕاست دەکەن گشتان لەبەردەم دادگا ئامادەبن.

ئەو زیندانیانە تازە دادگایی دەکرێن کادری یەکێتی، گۆڕان و نەوەی نوێی تێدانە کە باجیان داوە و ھێشتا رەسمی پرۆفایلیان لۆگۆی ئەم حزبانەن و سەربەخۆشی تێدایە بەم شێوەیە:
مەحمود ناجی صدیق (چاڵاکڤان و ھەلسۆراوی دیاری 
گۆڕان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاکڤان و خۆبەشی نەوەی نوێ) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
کوڤان گارق جبرائیل (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاکڤان و کادری یەکێتی) .. 
شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠

یەک تکاو بانگەواز بۆ لایەنەکان:
ئەگەر سەرکردایەتی ئەم سێ ھێزە یەک توز شعور و وەفیان بۆ کادرەکانیان ھەبێت رۆژی دوو شەممە پێنج ھەزار ئەندام و کادرو لایەنگری خۆتان لەبەردەم دادگا کۆدەکەنەوە یاخۆد کەسی یەکەمی حزبەکان و جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرکردایەتی یەکێتی و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بچنە بەردەم دادگا نەک تەنیا چەند پەرلەمانتارێک کە پشتریش ھەلوێستی باشیان ھەبوو.

بە دیدگای ئێمە ئەگەر ئەمە نەکەن دوو ئەگەر ھەیە:
یەکەم: یان بڕواتان بە خەباتی مەدەنی و  ھەلوێست وەرگرتن نیە، تەنیا سیاسەتکردن بە سەرکۆرسی و پشت مێزەکان دەزانن و غرورتان رێگە نادات کاتژمێرێک بۆ کادرەکانتان بچنە دەرەوی ژورەکانتان، لە کاتێکدا ئەوان ٥٤٧ رۆژە لە زیندان ئازار دەچێژن.

دووەم: ئەگەر ناتوانن ئەندامانتان خرکەنەوە واتە پێگەی جەماوەریتان نەماوە و چارەیێ لە دۆخی خۆتان بکەن، یان دەتوانن و لەگەڵ درۆشم و پرەنسیپەکانتان ڕاست ناکەن و ناتانەوێ دڵی پارتی لە خۆتان بڕەنجێنن.
بێگومان پێویستە ھێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش وەکو کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و چینی نوخبە ھەمان ھەلوێست وەربگرن، چونکە ئەم زیندانیانە خەلکی سەربەخۆشی تێدایە و لەسەر ڕەخنەو خۆپیشاندان بۆ ماف و موچە دەستگیرکراەن کە پرسێکی گشتیی یە و ئەرکی ھەموو لایەکە دژی ئەم نادادیە بوەستێت.

دوسیەی زیندانیانی بادینان لەوە دەرچوە باسی نایاسایی بونی و جۆری ئەشکەنجە و ھەڕەشەی لەسەریان بکەین ، ھەر لە شێوازی ڕفاندنیان و رێگەپێنەدان بۆ بینینی پارێزەری خۆیان کە بەپێ (اصول محاكمات جزائیه‌) بکۆژێکیش مافی پارێزەری ھەیە، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا دۆسیەکەیان بچێتە دادگا، بەڵام ساڵێک و شەش مانگە ئاسایشی پارتی رێگربوون لە ڕەوانەکردنی دوسیەکە بۆ دادگا.

چاوەڕێی ھەلوێستی لایەنەکان و ئازادبونی زیندانیانی بادینانین، لە ئەگەری ھەر بڕیارێکی نادادپەروەرانەدا مژدەی شکستێکی دیکە بە پارتی دەدەین کە سومعەیان لەسەر ئاستی دەرەوە ناشیرینتر دەبێت، لە ھەڵبژاردنی چون پێشتر بادینان ئێوەی سزادا و تەنیا لە دھۆک ١٣٧ ھەزار دەنگتان لەدەستدا ئەمجارە دەنگەکانتان زیاتر کەم دەبێت.
تێبینی: زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین، چونکە ئەوان بێ تاوانن و ئەگەر یاسا سەروەربێت دەستبەجێ ئازادەکرێن.

ئەیھان سەعید - رۆژنامەنوس و نوێنەری زیندانیانی بادینان
١٤ی ٥ی ٢٠٢٢

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×