وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لهڕونكردنهوهیهكدا دهڵێت، "هەمو ئەو هەواڵو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بەپشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بەسەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەنو داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکور لەکەرکوک گرتووەو داگیریکردون."
ئاوێنه: ئهمڕۆ شهممه، لەراگەیەنراوێكدا كۆمپانیای نەوتی باكور ڕایگهیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوکاری هێزی چەکدار، زیادەڕۆیی كردۆتەوە سەر كێڵگە نەوتییەكانی سەر بەكۆمپانیاكەیانو دهستیبهسهردا گرتووه. دهشڵێت، "كۆمپانیاكەمان سكاڵای یاسایی لەدادگای تایبەتمەندی عێراق تۆماركردوە."
لەوەڵامی ڕاگەیهنراوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوردا، د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لهڕونكردنهوهیهكدا ڕایگهیاندووه، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمو ئەو هەواڵو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بەپشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بەسەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەنو داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکور لەکەرکوکدا گرتووەو داگیریكردون."
راشیگهیاندووه، "ئاشکرایە بەپێی دەستوری عێراق، سامانی گشتی هی هەمو خەڵکی عێراقەو هی کۆمپانیایەک نییە. کۆمپانیای نەوتی باکور چەندین ساڵە بەبێ هەبونی یاسای نەوتو غاز، کار دەکاتو دەستور پێشێل دەکات. ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکور، لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستور تەشریع بکرێت."
لهڕونكردنهوهكهی وتەبێژی حکومەتی هەرێمدا ئهوهش هاتووه، "بۆیە ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیانپێکردووە هۆکارەکەی سیاسییەو هیچ بنەمایەکی یاسایی نیەو ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاویدەکەنەوە، دورن لەڕاستییەوەو تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوەو دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە."