وەزارەتی ژینگەی عێراق دانی نا بەوەی خۆڵبارینەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کە تەواوی وڵاتی گرتەوە "خراپترین پیسبوونی خۆڵاوی" بووە لە جیهاندا و دەڵێت، تەنها لە ئاسمانی بەغدای پایتەخت، نزیکەى 60 تۆن خۆڵ باریوە.
ئاوێنە: سەباح حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستن لە وەزارەتی ژینگەی عێراقی بە ڕۆژنامەی "سەباحی" فەرمی (18ی ئایاری 2022) وتووە، "ئەو ڕۆژە لە دەوروبەری کاتژمێر 9ی بەیانیدا، ڕووبەڕووی گەورەترین پیسبوون لە جیهاندا بووینەتەوە."
باسی لەوەشکرد، زۆربەی شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە دەرەوەی عێراقەوە دێن، زۆری وشکەساڵی و بە بیابانبوون، هەروەها کەمی پشتێنی سەوزایی کە ماوەیەکی زۆرە پشتگوێخراوە هۆکاری سەرەکین".
ئەو بەڕێوەبەرە لە وەزارەتی ژینگەی عێراق جەختیکردەوە کە دەتوانرێت لەڕێگەی ناشتنی دانەوێڵەی جۆ و گوڵی دڕکاوی "عاقول" ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت.
ئاشکراشیکرد کە وەزارەتی ژینگە "پێشنیاری دروستکردنی پشتێنی سەوزایی کردووە، ئەوەش تەنها بەرگریی لێ دەکات نەک ڕێگریی تەواو."