عێراق داوا لە كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم دەكات گرێبەستەكانیان لەگەڵ سۆمۆ نوێ بكەنەوە
  2022-05-20       351       

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕێگەی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بواری پارێزەرایەتییەوە داوای لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كردوە گرێبەستی كاركردنی خۆیان لەگەڵ كۆمپانیای نیشتیمانی (سۆمۆ) نوێ بكەنەوە، بەپێچەوانەوە حكومەتی عێراق رێوشوێنی یاسایی تر لە دژیان دەگرێتەبەر.

ئاوێنە: بەگوێرەی نوسراوێک کە دەست رۆیتەرز کەوتوە، حکومەتی فیدڕاڵی لە رێگەی کۆمپانیایەکی بواری پارێزەرایەتییەوە بەناوی Cleary Gottlieb Steen and Hamilton داوای لە کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان دەکات کە لە هەرێمدا کار دەکەن مامەڵەکانیان بەجۆرێک بێت لەگەڵ یاسای حکومەتی فیدڕاڵیدا بگونجێت بە رەچاوکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.

رۆیتەرز كە دەڵێ خۆی نوسراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقی بینیوە، باسلەوە دەكات لە نوسراوەكەدا هاتوە" جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویستی بە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی هەیە لە گرێبەستی كۆمپانیاكاندا".

ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەیەكەوە ئاماژەی بەوەكردوە"كۆمپانیاكانی تریش نوسراوەكەی وەزیری نەوتیان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەدەستگەیشتوە".

لەدوای هەڕەشەكەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، ئەمە یەكەم نوسراوە كە وەزارەتی نەوت ئاڕاستەی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی دەكات، راوێژكارێكی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق كە بەمەرجی ئەوە قسەی بۆ (رۆیتەرز) كردوە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتویەتی: لیژنەی هاوبەشی حكومەت كە نوێنەرانی وەزارەتی نەوت (لەناویاندا وەزیری نەوت‌و كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق)‌و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لەخۆدەگرێت، پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا دەكەن‌و ئامانج لەمەش ئەوەیە ئیمزاكردنی كۆتایی گرێبەست لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بێت نەك حكومەتی هەرێم.

رۆیتەرز پەیوەندی بە كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوتەوە كردوە لە هەرێمی كوردستان لەوانە (گەنەڵ ئینێرژی)‌و (شیفرۆن)‌و (گلف كیستۆن) هەروەها پەیوەندی بە كۆمپانیای بواری پارێزەرایەتی (كلیری جوتلیب)ەوە كردوە، بەڵام كەسیان ئامادەنەبون قسە لەبارەی ئەم بابەتەوە بكەن، هەروەك وەزارەتی نەوتی عێراق‌و كۆمپانیای (DNO)ی بواری نەوت‌و غازیش ئامادەنەبون قسە بكەن.

بەڵام بەرپرسێك لە وەزارەتی نەوتی عێراق وتویەتی، وەزارەت هێشتا هیچ وەڵامێكی لەلایەن كۆمپانیا پەیوەندیدارەكانەوە پێنەگەیشتوەتەوە‌و ئەگەر وەڵام نەدەنەوە رێوشوێنی یاسایی زیاتر دەگیرێتەبەر، بەبێ ئەوەی باسی وردەكاری رێوشوێنە یاساییەكانی تر بكات.

نوێنەری یەكێك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسەكەی راگەیاندوە، بەبێ هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ ناكەن.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×