بنەماڵەی پاسەوانی زیندانیكراوی سەرۆك كۆمار داوا لە بافڵ تاڵەبانی دەكەن فریای كۆڕەكەیان بكەوێت
  2022-05-20       1434       

 بنەماڵەی "بەژدار عومەر"، پاسەوانی زیندانیکراوی هەتاهەتایی سەرۆک کۆمار داوا لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی دەكەن فریای كوڕەكەیان بكەون كە لەزیندان لە نێوان مردن و ژیاندایە. دەشڵێن: دەیان ملیۆن دینار لە کاتی گرتنیەوە تاوەکو ئێستا خوراوە، سەرۆک کۆمارو تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتارانی کەرکوک ئاگادارن و کەسیان خۆیان ناکەن بە خاوەنی قەزیەکەی.

ئاوێنە: بنەماڵەی "بەژدار عومەر"، لە نامەیەكدا كە ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیان كردوە، وتویانە"دوای چەندین جار لە داواکردن بۆ بینینتان و چارەسەرکردنی کیشەی کوڕەکەمان کە زیندانی هەتاهەتایی کراوە بەداخەوە چواردەورەکەت پەیامەکەمان ناگەیەنن بە بەڕێزتان، کوڕەکەمان دۆخی تەندروستی لەوپەڕی خراپیدایە لەزیندان لە نێوان مردن و ژیاندایە، تکایە فریای بکەون و کێشەکەی چارەسەربکەن."

ئەوەشیان خستۆتەڕو"دەیان ملیۆن دینار لە کاتی گرتنیەوە تاوەکو ئێستا خوراوە سەرۆک کۆمارو تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتارانی کەرکوک ئاگادارن و کەسیان خۆیان ناکەن بە خاوەنی قەزیەکەی!! هەمو قسەکانیان دوای پێنج ساڵ هەموی بەڵێن بوەو راستیان لەگەڵمان نەکردوە."

ئاماژەشیان بەوەداوە كە "کاتی ئەوەیە شەخسی خۆت بێیتە سەر خەت، چونکە تەنانەت بەڵێنەکانی سەرۆکایەتی کۆماریش راست دەرنەچون لەگەڵمان!!! پارەیەکی زۆر خوراوەو ئێستاش کەس خۆی ناکات بەخاوەنی."

جەختیش دەكەنەوە كە "داواکارین بەزویی بەدەممانەوە بێن و لە ئەگەری نەهاتنتان ئەمجارە کوڕەکەمان هەرچی بەسەر بێت لە ئەستۆی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە)."

دەقی نامەكە:

داواکاریەک لە بنەماڵەی (بەژدار عومەر) پاسەوانی زیندانیکراوی سەرۆک کۆمار بۆ هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی

دوای چەندین جار لە داواکردن بۆ بینینتان و چارەسەر کردنی کیشەی کوڕەکەمان کە زیندانی هەتاهەتایی کراوە بەداخەوە چواردەورەکەت پەیامەکەمان ناگەیەنن بە بەڕێزتان، کوڕەکەمان دۆخی تەندروستی لەوپەڕی خراپیدایە لەزیندان لە نێوان مردن و ژیاندایە، تکایە فریای بکەون و کێشەکەی چارەسەربکەن. دەیان ملیۆن دینار لە کاتی گرتنیەوە تاوەکو ئێستا خوراوە سەرۆک کۆمارو تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتارانی کەرکوک ئاگادارن و کەسیان خۆیان ناکەن بە خاوەنی قەزیەکەی!! هەمو قسەکانیان دوای پێنج ساڵ هەموی بەڵێن بوەو راستیان لەگەڵمان نەکردوە لە ئەرزی واقعدا، دوای ئەم بەڵگانەو ئەو هەمو نامانەی بۆتان نێردراوەو دیزە بە دەرخۆنە کراوە، کاتی ئەوەیە شەخسی خۆت بێیتە سەر خەت، چونکە تەنانەت بەڵێنەکانی سەرۆکایەتی کۆماریش راست دەرنەچون لەگەڵمان!!! پارەیەکی زۆر خوراوەو ئێستاش کەس خۆی ناکات بەخاوەنی، ئێمە بنەماڵەیەکی یەکێتین و کوڕەکەمان دوجار ماڵی خۆی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کرد بە شوێنی بانگەشەی یەکێتی، ناکرێت یەکێتی لەوە زیاتر خۆی نەکات بەخاوەنی و پەراوێزی بخات. داواکارین بەزویی بەدەممانەوە بێن و لە ئەگەری نەهاتنتان ئەمجارە کوڕەکەمان هەرچی بەسەر بێت لە ئەستۆی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە). بەپێویستی ئەزانین تەواوی ئەم بەڵگانە بخەینەڕو لە کێشەکەی و بەدەنگەوە نەهاتنی هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانی یەکێتی لە قەزیەی کوڕەکەماندا، وە کاغەزی سوڵحی عەشایەری كه دەیان ملیۆن دیناری تیا خوراوە.

بنەماڵەی بەژدار عومەر

پاسەوانی زیندانیكراوی هەتاهەتایی سەرۆک کۆمار

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×