ئامینە كاكە باوە: ئەوە منم كە ئەردۆغان داوای دەركردنی دەكات لەسوید
  2022-05-21       3097       
ئامینە کاکە باوە

ئا: ئاوێنە

 

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوا دەكات بەر لەوەی سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ "ئەو تیرۆریستانە لەپەرلەمانەكەی دەربكات كە پشتیوانی لەكوردو پەكەكە دەكەن"، ئامینە كاكە باوەی پەرلەمانتاری بەڕەچەڵەك كوردی سویدیش دەڵێت "ئەوە منم كە ئەردۆغان داوای دەركردن‌و رادەستکردنەوەی بەتورکیا دەكات".

 

رۆژی هەیینی رابردو، ئەردۆغان رەخنەی توندی لەسوید گرت‌و ناڕەزایی بەرامبەر بەئەندام بونی لەپەیمانی ناتۆ دەربڕی، لەبەرئەوەی وەك ئەو دەڵێت "سوید بوە بەمەڵبەندی پارتی كرێكارانی كوردستان‌و بەباشی نازانین ببێتە ئەندامی ناتۆ، تاوەكو كەسانێك لەپەرلەمانەكەیدا دانیشن‌و بەرگری لەپەكەكە بكەن، ئێمە وەك هەڕەشە لەبەرژەوەندییەكانمان لەو کەسانە دەڕوانین".

 

هاوكات لەگەڵ ئەم لێدوانانەی ئەردۆغاندا، باڵوێزی توركیا لەستۆكهۆڵم، "حەقی ئەمری یۆنت" بەمیدیایەکی سویدی راگەیاند "بۆ ئەوەی توركیا پشتیوانی لەبون بەئەندام بونی سوید بكات لەپەیمانی ناتۆدا، پێویستە ئامینە كاكە باوەی پەرلەمانتاری سوید رادەستی توركیا بكاتەوە".

 

باڵوێزی توركیا لەمیانەی ئەو چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ میدیایەكی سویدی ئاماژەی بۆ ئەوە كردبو كە "30 كەس ئەردۆغان بەتیرۆریستیان ناودەبات‌و سەر بەپارتی كرێكارانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گولەنن‌و هاوڵاتی سویدیشن‌و توركیا داوای رادەستكردنیان دەكات".

 

باڵوێزی توركیا بەناو ناوی "ئامینە كاكە باوە"ی هێنابو، كە یەكێكە لەو داواكراوانە.

 

هەرچەندە پاش بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە‌و دەنگدانەوەی لەمیدیاكانی سویدا، باڵوێزی توركیا لەرونكردنەوەیەكدا وتی "بەدحالًیبونێك لەبڵاوكردنەوەی ئەو زانیاریانەدا هەبوەو ئامینە كاكە باوە ناوی لەلیستی ئەو كەسانەدا نییە كە لەلایەن توركیاوە داواكراون".

 

لەبەرامبەردا، ئامینەی كاكە باوە داوای كرد "ئەوە باڵوێزی توركیایە دەبێت دوور بخرێتەوە لەسویدو دیپۆرت بکرێتەوە بۆ وڵاتەكەی".

 

ئامینە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەئینستاگرام وتی "من هاوڵاتیەكی سویدیم‌و هەڵبژێردراوم بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی سویدی بكەم لەپەرلەمان، ئەوە باڵوێزی توركیایە كە دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتەكەی، لەسەر حكومەت‌و سەركردەكانی ئۆپۆزیۆن‌و رای گشتی سویدیش پێویستە بەئاشكرا بڵێن كە سوید دوای ئیسلامییەكانی ئەنقەرە ناكەوێ‌".

 

ئامینە كاكە باوە سەبارەت بەم مژارە بەمیدیاكانی سویدی راگەیاندوە كە "ئەردۆغان وەك هەڕەشە لەمن دەڕوانێت‌و هاوڕێكانم پێیانوتم ژنێكی سویدی ئەردۆغانی بێزار كردووە کە تۆیت".

 

ئامینە کە خەڵکی رۆژهەلآتی کوردستانەو سێ خولی بەردەوامە ئەندامی پەرلەمانی سوێدە، هەموو ژیانی بۆ خزمەتكردن‌و تێكۆشان لەپێناو كوردستان‌و كاركردن بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی‌و ئازادی ژنان تەرخان كردوە، سەرسەختانە داكۆكی لەدەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان دەكات‌و بەرەنگاریی گروپە توندڕەوەكانی توركیش بوەتەوە لەسوید، ئەو دەڵێت "چۆن دەتوانم بێدەنگ بم كە خەڵكی لەبەرچاوم دەكوژرێن‌و هەزاران كەس دەخرێنە زیندانەوە لەتوركیا لەپێناوی ئازادی‌و مافی مرۆڤ؟!".

 

كاكە باوە ئەردۆغان بەستەمكارێكی مەترسیدارتر لەپوتین ناودەبات‌و دەڵێت "بون بەئەندام بونی سوید لەپەیمانی ناتۆ بەو مەرجانەی ئەردۆغان دایناوە خزمەت بەمەسەلەی كورد ناكات‌و بۆ رەوەندی كوردیش لەسوید خراپ دەبێت".

 

بەڵام پێشیوایە "حكومەتی سوید سەرەنجام تەسلیم بەداواكارییەكانی ئەردۆغان دەبێ‌‌و كوردە چالاكەكانی ئەم وڵاتە كێشەیان بۆ دروست دەبێت‌، یان لانیكەم حكومەتی سوید لەگەڵ ئەردۆغان رێكدەكەوێ‌‌و پەكەكەو یەپەگە بەرێكخراوێكی تیرۆریستی ناودەبات، ئەمەش هەر بەمانای پەكەكە نییە، بەڵكو ناساندنی هەموو كوردە بەتیرۆریست، چونكە لەدیدی ئەردۆغانەوە هەر كەسێك دەنگ بۆ مافی كورد بدات تیرۆریستە".

 

كاكە باوە رایگەیاندوە كە "ئەندامیەتی ناتۆ، ئێستا زۆر لەبەرگری كردن لەپرەنسیپەكانی دیموكراسی بۆ حكومەتی سوید گرنگترە، ئەمەش مایەی دڵەڕاوكێیە بۆ ئێمەی كورد، لەبەرئەوە بەهیچ شێوەیەك من ئامادە نیم پشتگیری لەماغدالینا ئەندرسۆنی سەرۆك وەزیران بكەم بۆ بڕیاردان لەسەر بودجە، كە دەنگی من بۆ ئەو یەكلاكەرەوە بوە لەپێكهێنانی كابینەكەیدا".

 

ئەمە لەكاتێكدایە كە بەهۆی هێرشی روسیاوە بۆ سەر ئۆكرانیا، سویدو فنلەندا هەست بەمەترسی دەكەن‌و خوازیارن ببنە ئەندامی پەیمانی ناتۆ تا لەهەڕەشەكانی روسیا پارێزراو بن.

 

بون بەئەندامی ناتۆی سویدو فنلەنداش، پێویستی بەپشتیوانی كۆی دەنگی ئەندامانی ئێستای ئەو پەیمانەیەو تەنانەت یەك ڤیتۆو دەنگی ناڕازیش بەئەندام بونەكەیان پەك دەخات، كە توركیا هەڕەشەی ئەوە دەكات.

 

لەبەرئەوە پێش ئەوەی سوید ببێت بەئەندامی پەیمانی ناتۆ لەسەریەتی چەند داواكارییەك جێبەجێ‌ بكات، بەر لەهەر شتێكیش توركیا‌و ئەردۆغان لەسەر رێگەیدا بەلیستێكی دورودرێژی داواكارییەوە وەستاون‌و دەبێت حكومەتی سوید جێبەجێبكات.

 

توركیا بەو مەرجە پشتیوانی لەئەندام بونی سویدو فنلەندا دەكات كە پشتیوانی لەپەكەكەو یەپەگە‌و رۆژئاوای كوردستان نەكەن‌و بەرێكخراوی "تیرۆریست"ی بزانن‌و بگەنە رێككەوتنێك لەگەڵی كە كەسانی چالاك‌و دیاری كورد لەو وڵاتانەدا رادەستی توركیا بكەنەوەو چالاكییەكانی کوردیش لەوڵاتەکانیاندا قەدەغە بكەن.

 

سەرچاوە دیبلۆماسیەکان باس لەوە دەكەن كە ئامانجێكی دیكەی ستراتیجی توركیا ئەوەیە، لەبەرامبەر رەزامەندی بون بەئەندام بونی سویدو فنلەندا دو باجی گەورەی دیكە وەربگرێ‌، یەكەمیان: لەو پشتێنە ئەمنییەی باكوری سوریادا كە بەدەست هێزەكانی توركیاوەیە، بەتایبەتی شاری عەفرین‌و شارە كوردییەكانی دیكە، پرۆسەیەكی فراوانی تەعریب كردن ئەنجام بدات‌و ملیۆنێك پەنابەری سوری لەتوركیاوە بگوازێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەو نیشتەجێیان بكات‌و بۆ یەكجاری كورد لەو ناوچە سنورییە دور بخاتەوە‌و ئەمەریكاش چاوپۆشی لەم كارەی توركیا بكات.

 

دوەمیشیان: گوشاری ئەمەریكا لەسەر ئابوری ئەو وڵاتە نەمێنێ‌‌و ساڵی داهاتو جارێكیتر ئەردۆغان شانسی هەڵبژاردنەوەی مسۆگەر بێت.

 

بەڵام هاوكات حكومەتی سویدیش پێویستی بەدەنگی ئامینە كاكە باوەیەو ئەم تاکە دەنگەی بۆ حکومەت یەکلاکەرەوە بوە، كە ساڵی رابردو ئامینەو سۆشیال دیموكراتەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی دەنگ بەماغدالینا ئەندرسۆن بدات بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، لەبەرامبەریشدا حیزبی سۆشیال دیموكرات پشتیوانی لەدەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای كوردستان بكات‌و یەپەگە بە"رێكخراوێكی تیرۆریستی سەر بەپەكەكە" ناونەبات، كە توركیا گوشاری ئەوە بۆ حكومەتی سوید دەهێنێت.

 

ئێستا ئامینە كاكە باوە لەلایەن توركیاو ئەردۆغانەوە كراوەتە ئامانج، لەبەرئەوەی وەك ئامینە دەڵێت "ئەردۆغان رقی لەهەر كەسێكە كە داكۆكی لەمافی كوردو لەمافی ژن‌و لەمافی مرۆڤ بكات".

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×