ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە بەریتانیاوە دیپۆرتی هەولێر دەكرێنەوە زیادی كرد
  2022-05-22       988       

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی رایگەیاند، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی كە بڕیارە 31ی ئەم مانگە لە بەریتانیاوە دیپۆرتی هەولێر بكرێنەوە گەیشتۆتە 14 كەس و 32 پەنابەری دیكەش لەبەردەم مەترسی دیپۆرتكردنەوەدان.

ئاوێنە: فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راپۆرتێكدا لەزاری یەكێك لەو پەنابەرە كوردانەی كە لە گرتوخانەی دەستبەرسەریی هارمۆندسۆرسی لەندەن راگیراوە بەناوی "نەژاد"، وتویەتی"تەنها لەم گرتوخانەیەی ئێمە تائیستا ١٤ پەنابەر تیکتیان پێداون کە ٣١ی ئەم مانگە دیپۆرتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرمان بکەنەوە."

عوسمان پەنابەرێكی دیکەیە کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە وڵاتی بەریتانیایەو خاوەنی سێ مناڵە و یەکێکە لە گیراوەکان، بە فیدراسیۆنی وتوە"زانیاریمان پێگەیشتوە لە گرتوخانەی کۆلن بروکەوە کە زیاتر لە ٣٢ پەنابەر لەهەر سێ گورتوخانەکانی مۆرتن هۆل، بروک هاوس دەستبەسەرن لەبەردەم مەترسی دیپۆرتکردنەوەدان."

پەنابەرێکی تر لەگرتوخانەی کۆل برۆك بە ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی راگەیاندوە"ماوەی ٢٢ ساڵە لە وڵاتی بەریتانیا ژیان دەکەم خێزانم مامۆستایە و خاوەنی 7 مناڵم و بچوکەکەیان ٢ ساڵانە و خەڵکی کەرکوکم، دەیانەوێت ٣١ی مانگ لەگەڵ ئەم وەجبەیە دیپۆرتی هەولێرم بکەنەوەو ژیانم لێ بشێوێنن."

دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆن سەبارەت بەو هەنگاوانەی ناویانە بۆ راگرتنی دییۆرتی ئەو پەنابەرانە وتویەتی"دەیان رێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران و پەرلەمانتاری بەریتانیا بۆ پشتیوانی لەکەمپەینی فیدراسیۆن دژ بە دیپۆرتی ئەو پەنابەرانەیان، ئاگادارکردۆتەوە هاوکات رۆژی سێشەمە ٢٤ی ئایار کاتژمیر ٢ی پاشنیوەڕۆ خۆپیشاندانی گەورە لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕێکدەخەین بەهاوبەشی خیزان و کەسوکاری ئەو پەنابەرانەی دەستگیرکراون و داواکارم لە پەنابەران و هەڵسوراوانی داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران لەم خۆپیشاندانە نارەزایەتییە بەشداری بکەن و پەنابەران تەنها جێنەهێڵن."

هەروەها وتیشی "لە ناوخۆی عێراق و کوردستانیش چەند لایەنی سیاسی و پەرلەمانتار بەفیدراسیۆنەوە پەیوەندیان کردوە و بەڵێنیانداوە بەڕێگای جۆراوجۆر هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەر تا  فڕۆکەخانەکانی کوردستان و عێراق نەخرێنە خزمەتی ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران. "

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ئێستادا زیاتر لە 40 پەنابەر کە زۆربەیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن لەژمارەیەك لە گرتوخانەکانی بەریتانیا ڕاگیراون وا بڕیارە دیپۆرتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بکرێنەوە، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی کەمپەینێکی راگەیاندوە لە پێناو بەرگرتن بەدیپۆرتی ئەو پەنابەرانەو ئازادکردنیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×