عێراق ده‌یه‌وێت فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی توركیاوە ڕابگیرێت
  2022-05-23       906       

حكومه‌تى عێراق هه‌نگاوه‌كانى له‌دژى نه‌وتى هه‌رێم ده‌ستپێكرد، وەزیری نەوتی عێراقیش باڵیۆزی توركیا له‌به‌غدا بانگهێشتدەكات‌و پێیڕاگه‌یاندوون، عێراق ده‌یه‌وێت فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی توركیاوە ڕابگیرێت.

ئاوێنه‌: دوای ناردنی نامەیەك بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم، لەدووەم هەنگاودا بۆ جێبەجێكردنی بڕیاره‌كه‌ى دادگای فیدراڵی لەسەر نه‌وتى هه‌رێم‌و ئابورى سه‌ربه‌خۆ، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وەزیری نەوتی عێراق لەبەغدا عەلی ڕەزا كۆنای باڵیۆزی توركیای بانگهێشتكرد‌و پێیڕاگه‌یاندووه‌، دەیەوێت لەڕێگەی توركیاوە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت.

میدیا عێراقیه‌كانیش باسیان له‌وه‌كردووه‌، عێراق بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كارتێكی دژی توركیا بەدەستەوەیە كە حوكمی دادگای پاریسە‌و یەكلابونەوەی ئەم حوكمە بڕی (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو دەخاتە ئەستۆی حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان.

لاى خۆیشیه‌وه‌ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكردووه‌، لەو كۆبونەوەیەدا وەزیری نەوت باسی لەزیادكردنی هەناردەكردنی نەوتی عێراق كردووە لەڕێگای بەندەری جه‌یهانی توركی‌و چارەسەری كێشە یاساییەكان‌و پڕۆژەو ڕێككەوتنی نوێ.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "خاڵی گرنگ‌و جەوهەری كۆبونەوەكە، گفتوگۆكردن بووە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنادەستوریبوونی پرۆسەی نەوت‌و گازی هەرێم".

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، وەزیری نەوت بەڕوونی پەیامێكی ئاڕاستەی توركیا كردووە لەبارەی ئەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم نایاساییەو پێویستە لیژنە پێكبهێندرێت سەبارەت بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم لەرێگای كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە.

به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، بەرپرسانی توركیا‌و ئیمارات ئامۆژگاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نەبێت‌و لەڕادەستكردنی نەوت‌و غاز بەحكومەتی عێراق پەلە نەكات‌و كاتەكە درێژبكاتەوە.

حكومەتی عێراق لەسەردەمی كابینه‌كه‌ى حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ ڕەزامەندی بەغدا، لەدادگای نێودەوڵەتی لەپاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لەتوركیا دەكات، دۆسیەكە لەدادگا لەیەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی ڕاگرت‌و دەرفەتێكی نوێیدا بەتوركیا‌و هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوە‌و هەڕەشەیە لەسەر توركیا.

ڕۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵ، دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی حكومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×