كەشناسی هەرێم: سبەینێ خۆڵبارین بەردەوام دەبێ و چوارشەممە كۆتایی دێت
  2022-05-23       466       

كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی كە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە سبەی سێشەممە بەردەوام بێت و دوسبەی چوارشەممە كۆتایی بێت.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، ئەمشەو دوشەممە، لە هۆشدارییەكدا دەربارەی كەشوهەوار رایگەیاند، كاریگەی ئەو شەپۆلی خۆڵبارین و رەوشە ناجێگیرە سبەی سێشەممە، بەردەوامی دەبێت و سەرەتا لەکاتەکانى بەرەبەیانى زودا کاریگەریکەى زۆر دەبێت تا کاتژێر 10ی پێشنیوەڕۆ و مەوداى بینین سێ بۆ پێنج کیلۆمەتر دەبێت و  پاشان کاریگەرییەکەى لاواز دەبێت بەجۆرێک مەوداى بینین دەبێتە پێنج بۆ حەوت کیلۆمەتر.

ئەوەشی خستۆتەڕو، سبەینێ لە کاتەکانى ئێوارەدا کاریگەری خۆڵبارین لاوازتر دەبێت و هاوکات خێرایی با  کەمێک چالاک دەبێت و لەناوچەکانى کەرکوک و گەرمیان کاریگەرییەکە زیاتر دەبێت و مەوداى بینین کەمتر دەبێت لە دو کیلۆمەتر.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پێشبینی دەكرێت تۆزوخۆڵ تا سبەی سێشەممە بەردەوامی هەبێت و لە کاتەکانى ئێوارەدا بەرەو لاوازى بچێت و بۆ رۆژى چوارشەممە کاریگەری خۆڵبارین بەتەواوی کۆتایی دێت.

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"لە حاڵەتی گۆڕینی لەناکاوی خێرایی با ئەم پێشبینیانە گۆڕانکاری رێژەییان بەسەر دێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×