بەھۆی شەپۆلی خۆڵبارین کە دوو رۆژە ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تا ئێستا ٢٦٥ کەس بەھۆی هەناسەتوندبونهوە لەسنوری پارێزگای دھۆک گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.
ئاوێنه: حەمزە رەزیکی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی دھۆک رایگەیاند، "لەپارێزگای دھۆک بەھۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینو ھەناسەسوارییەوە تا ئێستا ٢٦٥ کەس سەردانی بەشەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانیان کردووە".
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیو بومەلەرزەزانیی پارێزگای دھۆک بەھۆی کاریگەریی خۆڵبارینی ئەمڕۆ، مەودای بینین لەسەنتەری شاری دھۆگ بووە بە ٣٠٠ مەترو لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆتە ٥٠٠ مەتر، هەروەها لە قەزای ئاکرێ ٢٠٠ مەتر.
بەپێی پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیو بومەلەرزەزانیی ھەرێم، سبەی چوارشەممە لەشاری دھۆک ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی تۆزو خۆڵو لەکاتەکانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەورو کاریگەری خۆڵبارین کەم دەبێتەوە.