رێبوار بابکەیی: حکومەتی بریتانیا تەنها پەنابەرانی کورد دیپۆرتناکاتەوه
  2022-05-25       181       


سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و ڕەوەندى کوردستان رایگه‌یاند، حکومەتی هەرێم بەهیچ جۆرێک نە لەرابردو نە لە ئێستادا لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەی هیچ پەنابەرێکی کورد نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدایە کە حکومەتی ئەو وڵاتانە ڕێز لە پەنابەرانی کورد بگرێت، حکومەتی هەرێم خۆی لەگەڵ ئەوەدایە ئەو پەنابەرانەی لەو وڵاتەن مافی پەنابەرێتیان پێبدرێت، ده‌شڵێت، "حکومەتی بریتانیا تەنها پەنابەرانی کورد دیپۆرت ناکاتەوه،‌ بەڵکو پەنابەری زۆرێک لە وڵاتانی ئەفەریقاش وەکو تونس و جەزائیر ئەوانیشی تێدایه،‌ تەنانەت پەنابەری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی تێدایە".

ئاوێنه‌: رێبوار بابکەیی، كه‌ هاوكات ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتیه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی كورد له‌ بریتانیا به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند، "بیستومانە لە میدیاکانەوە، لای خۆشمانەوە هەندێک پرسیارمانکردوە لە بارەی ئەو بابەتەوە بۆ ئەوەی بزانین بنچینەی بابەتەکە چۆنە؟ ئایا ئەو پرسە تەنها پەیوەندی بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کوردەوە هەیه؟‌ یاخود بە خەڵکی دیکەشەوە لە وڵاتانی ترەوە بڕیارە دیپۆرتیان بکەنەوە؟ ئەوەی لای ئێمە ڕونە تەنانەت بوه‌تە مەبدەئیش لای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیه،‌ کە حکومەتی هەرێم بەهیچ جۆرێک نە لە ڕابردو نە لە ئێستادا لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەی هیچ پەنابەرێکی کورد نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدایە کە حکومەتی ئەو وڵاتانە ڕێز لە پەنابەرانی کورد بگرێت لەماوەی ڕابردوش حکومەتی هەرێم هەمو پاڵپشتیەکی بۆ کۆچبەران و بۆ پەنابەرانی کورد و کوردستان لەم وڵاتانە دەربڕیوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "لە میانەی ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردوە جۆرێک لە بەدواداچون لەسەر ئەو بابەتە کراوە کە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕەوەندی کوردستانی ئەو بابەتە بە شێوەیەک لە شێوەکان خرایەڕو زانیارییەکان بەو شێوەیەن، حکومەتی بریتانیا تەنها پەنابەری کورد دیپۆرتناکاتەوه،‌ بەڵکو پەنابەری زۆرێک لە وڵاتانی ئەفەریقاش وەکو تونس و جەزائیر ئەوانیشی تێدایه،‌ تەنانەت پەنابەری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی تێدایە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، بڕیاری بریتانیا دوای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بریتانیا چوه‌تە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا، سیاسەتی کۆچکردنی بریتانیا لەئێستادا ئەوەیە کە هیچ پەنابەرێک وەرنەگرێت ئەوانەی لەماوەی ڕابردو هاتونەتە وڵاتی بریتانیا کەیسی خۆیان بەو شێوەیە پێشکەشی دادگاکان کردوە، کە گوایە بۆ نمونە هەڕەشە هەبوە لەسەر ژیان و لەسەر ئاسایشیان بۆیە هاتونەتە بریتانیا و کەیسیان پێشکەش کردوە بۆئەوەی مافی پەنابەرێتیان پێبدرێت، حکومەتی بریتانیا ئۆفەرێکی پێداون دوای ئەوەی کە ڕێککەوتنێکی کردوە لەگەڵ وڵاتی ڕواندا بە حساب لەبری ئەوەی مافی نیشتەجێبون و مافی پەنابەرێتی لە وڵاتی بریتانیا پێبدات ئەوەتا دەیانێرێتە وڵاتی ڕواندا لەوێ وەکو پەنابەر بمێننەوە بۆئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت لەو هەڕەشەیەی ئەوان باسی دەکەن کە لەسەریانە.

ڕێبوار بابکەیی رونیکردەوە، "ئەوانەی کە دەسبەسەر کراون و بڕیارە دیپۆرتبکرێنەوە ئەو کۆمەڵەن داوای ئەپدەیتی بەڵگەنامەکانیان لێکراوه،‌ بۆ نمونە زۆرێک لە کوردانی ئێمە لەساڵی نەوەدەکانەوە هەتائێستا کە دەچنە ئەوروپا داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن بەشێکی زۆریان ناویان گۆڕیوە و بەرواری لە دایکبونییان گۆڕیوە و کەیسی جۆراوجۆریان دروستکردوە بۆئەوەی بتوانن مافی پەنابەرێتی بەدەستبهێنن، کاتێک کە داوای ئەپدەیتی-تازەکردنەوەی بەڵگەنامەکانیان لێدەکرێت و بۆیان بهێنن، بێگومان حکومەتی عێراق و سەفارەتی عێراق یان نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم ئەو بەڵگەنامانەیان پێدەدات کە ناوی ڕاستەقینەیان و بەرواری لەدایکبونیان کە لەبەڵگەنامەکاندا تۆمارکراون، ئەمەش ناگونجێت لەگەڵ ئەو بەڵگەنامانەی کە پێشکەشیان کردوە لە بریتانیا بۆ مافی پەنابەرێتی، بۆیە ناتوانن ئەو بەڵگەنامانە بهێنن و دەچنە ژێر پرسیارەوە و دەچنە خانەی ئەوان کە بەحساب دەبێت دیپۆرت بکرێنەوه".

‌وتیشی، "بابه‌تی دیپۆرتکردنەوە یاخود پێدانی مافی پەنابەرێتی پەیوەستە بەسیاسەتی ئەو وڵاتەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابوری و ئەمنی هەر وڵاتێک یاسای خۆی دەردەکات، بەتایبەت لە ئەوروپا، بۆ مەسەلەی ئەوەی پێشوازی لە پەنابەر بکرێت و وەریبگرێت یان وەرینەگرێت بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم و حکومەتی هەر وڵاتێکی تر کە پەنابەری هەبێت لەو وڵاتانە ناتوانێت دەستێوەردان بکات یان ناتوانێت جۆرێک لە داواکاری بسەپێنێت بەسەر حکومەتی ئەم وڵاتانە بۆ ئەوەی ئایا وەربیگیرێت یان دیپۆرتبکرێتەوە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستاشی لەگەڵدا بێت سورە لەسەر سیاسەتی خۆی کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نییە کە پەنابەران دیپۆرت بکرێنەوه".

دەربارەی ئەوەی دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بریتانیا، فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران باسی لەوەکرد، کە ئەمە ڕێککەوتنێک بوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بەوپێیەی کە سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری ناوخۆدا کۆبوه‌تەوە؟، رێبوار بابكه‌یی ده‌ڵێت، "ئەو قسانە هیچ بنچینە و بنەڕەتی نییە ئەوانە قسەی سیاسیین قسەیەک نییە کە گوزارشت بێت لە وێنە ڕاستەقینەکەی کە ئێستا پەنابەران لەو دۆخەی تیێدان لە بریتانیا بەهیچ جۆرێک جەنابی سەرۆکی حکومەت لەسەردانەکەی بۆ بریتانیا باسی لەو پرسە نەکردوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بریتانیا، بە هیچ ڕێوشوێنێک حکومەتی هەرێم گڵۆپی سەوزی هەڵنەکردوە لەسەر ئەو بابەتە بەڵکو ئەو بابەتە پەیوەستە بەسیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بەریتانیا پێداچونەوەی کردوە بە سیستەمی کۆچبەرانی خۆیان".

د. ڕێبوار بابکەیی ده‌ڵێت، "هەرێمی کوردستان هەموکات شوێنێکی ئارام بوە بۆ پەنابەر، بۆ ئەوانەی هاوڵاتی خۆین، هەروەها بۆ هاوڵاتیانی وڵاتی دیکە، لەماوەی ڕابردو یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس ڕوی لە هەرێمی کوردستان کردوە له ‌ناوەڕاستی عێراق و لە سوریا تەنانەت ئەو کۆچبەرانەی لە بیلاڕوسیاش گەڕانەوە ئەوانە بەئاشکرا دژاییتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد تەنانەت زمانی زبر و تەشهیرشیان بەکارهێنا بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهێنا، بەڵام ئێستا زۆر بەسەربەرزانە ژیانی خۆیان بەسەردەبەن و لەهیچ هەڕەشەیەک ناترسن".

سەبارەت بەوەی تاچەند دروستە کە دەوترێت بەشێک لەو پەنابەرە کوردانە پەیوەندیان هەیە بەو کەسانەی کە هێلکەبارانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیان کردوە لە بریتانیا؟، بابکەیی وتی، "هیچ زانیاریەکم نییە لەسەر ئەو بابەتە و نامەوێت کۆمێنتیشم هەبێت،‌ بەڵام بابەتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کورد و وڵاتانی دیکەش بەشێکە لە سیاسەتی ئێستای کۆچبەرانی وڵاتی بریتانیا، لە بەرامبەر پەنابەران بریتانیا بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە پەنابەر وەربگرێت، بریتانیا هەوڵدەدات گوایە ئەگەر خەڵکێک هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا با لە وڵاتی ڕواندا بەسەربەرن دور لەو هەڕەشانەی کە خۆیان پەنابەران باسیانکردوە، ئەوە سیاسەتی ئێستای بریتانیایە لە بەرامبەر پەنابەرانی کورد و پەنابەرانی دیکە کە حاڵی حازر لە بریتانیادان".

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×