ئەمڕۆش جارێکی دیکە فەرمانبەران و مامۆستایان لەبەردەم کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوەو داوای بەرزکردنەوەی پلەکانیان دەکەن.
ئاوێنە: رۆژی چوارشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢، لەبەردەم کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوەو ناڕەزایی لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەران ئەنجامدرا بۆ بەرزکردنەوەی پلەکانیان و ناڕەزایی دەردەبڕن لە ئاست بێباکی حکومەت.
لەلایەکی دیکەشەوە ستافی ناڕازی زانکۆی سلێمانی لە نوسراوێکدا رایدەگەیەنن، دەسەڵات داواکانیان جێبەجێنەکردووەو لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوێستی خۆیان دەبێت.
ستافی ناڕازیی زانکۆی سلێمانی وەک خۆیان دەڵێن، بەردەوام دەبن لە چالاکییە مەدەنییەکانیان و رۆژی شەممەی داهاتوو کە دەکاتە ٢٨ی ئەم مانگە دواهەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن.
ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوامن لە گردبوونەوە و ناڕەزایی دەردەبڕن لەوەی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت و جیاوازی دەکرێت لەنێوان شارەکاندا.