راگەیەندراوی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی كۆبونەوەی پلاسخارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم
  2022-05-26       778       

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق و نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی هەرێمدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردن، خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە.

ئاوێنە: لە راگەیەندراوەكەی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكاندا ئەوەش هاتووە، "لەگەڵ ئەوەی بڕیارە هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لە 1ی 10ی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، كۆبوونەوەكە دەرفەتێكی گونجاوی رەخساند بۆ لایەنە سیاسییەكان تا ئاڵوگۆڕی بۆچونەكانیان بكەن لەبارەی چەند پرسێكی جیاجیا، لەوانەش پێویستی دووركەوتنەوە لە ناكۆكییە سیاسییەكان و هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی شەفاف و متمانەپێكراو."

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەسەر گفتوگۆكانی ئەمڕۆدا زاڵ بوو."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، جینین پلاسخارت وێڕای سوپاسكردنی لایەنەكان بۆ بەشدارییان لە كۆبونەوەكە، هانیشی داون بۆ بەردەوامی و چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەپێناو چارەسەركردنی ئەو ئاڵنگارییە جۆراوجۆرانەی كە روبەڕوی هەرێمی كوردستان بونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×