پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دەستیپێكرد
  2022-05-28       407       


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لەسایلۆی  هەولێره‌وه‌ دەستیپێکرد.

ئاوێنه‌: پرۆسەی وەرگرتنەکە بەئامادەبونی کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی‌و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دانەوێڵەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بەڕێوەچو.

پاش ئەنجامدانی ڕێكارەكانی وەرگرتن و پشكنین بۆ گەنمەكە، لەلایەن سایلۆی هەولێرەوە وەرگیرا.

لەئێستادا وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانەو وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی (٨٥٠) هەزار دینار بۆ کڕینی هەر تەنێک لەگەنم دەدەنە جوتیاران‌و بڕیاریشە لەدو ڕۆژی داهاتودا سەرجەم سایلۆکان بەڕوی جوتیاراندا بکرێنەوە.

بەهۆی قەیرانی جیهانی بۆ رێژەی گەنمی پێویست‌و شەڕی ئۆکرایناو روسیا، ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، گەنمی سەرجەم جوتیاران بکڕێتەوە.

ئەو گەنمەی وەردەگیرێت، هەر لەناوخۆ دەکرێتە ئاردو لەرێگەی بەشە خۆراکی مانگانەوە دابەشدەکرێت، ئەو بەشەی کە سێ مانگە دابەش نەکراوە.

لای‌ خۆیه‌وه‌ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی عێراق وتی‌، "گەنمەکە دەنێرین بۆ ئاشەکان بۆ ئەوەی بکرێتە ئارد، پەنا بەخوا ئەو ماوەی گەنم نەبووە بینێرین بۆ ئاشەکان، ئێستا بەخێرایی دەینێرین و بڕی ئەو سێ مانگەی دواکەوتووە دابەشی دەکەین".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×