ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، یاسای به‌تاوان هه‌ژماركردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌رگایه‌كی بۆ جوله‌كه‌كان كردوه‌ته‌وه بۆئه‌وه‌ی سه‌ردانی عێراق بكه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی دروستبكه‌ن.
ئاوێنە: محه‌مه‌د زیادی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌و یاسایه‌ی كه ئاساییكردنه‌وه به تاوان ده‌زانێت ده‌توانرێت به‌و ده‌سته‌واژه‌یه وه‌سف بكرێت (ئه‌وه‌ی هێڵكاری كراوه ده‌رببڕه)، به تایبه‌ت كه گه‌لی عێراق ڕقیان له‌وه‌یه له‌به‌رده‌میان ناوی ئیسرائیل یان قه‌واره زایۆنیستییه‌كه ناوی بهێنرێت.
وتیشی، "ده‌ستوری عێراق له ده‌ق و بڕگه‌كانیدا ڕونه، كه له یاساكانیدا له ساڵانی 1969 و 1975دا به تاوانباركردن و له سێداره‌دانی هه‌ركه‌سێكه كه پێی بخاته ناو قه‌واره‌ی ئیسرائیله‌وه یاخود به‌ره‌و په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته ئاسایی بكاته‌وه یان به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌نگاو بنێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "یاسا نوێیه‌كه ده‌سه‌ڵاتی به جوله‌كه‌كان داوه كه بێنه عێراق بۆ سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه بۆیان دیاریكراوه، هه‌ربۆیه هه‌ركه‌سێك خۆی هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئیسرائیل بێت ده‌توانێت له عێراق بمێنێته‌وه و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام دروستبكات، ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆ خۆی به ئاساییكردنه‌وه داده‌نرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆش بێت".
26ی (ئایار/5)ی 2022 له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نێوێنه‌رانی عێراقدا به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د حه‌لبوسی و به‌ئاماده‌بونی 275 په‌رله‌مانتار له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به كۆی ده‌نگ پرۆژه‌یاسای به‌تاوان هه‌ژماركردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل په‌سه‌ندكرد، به‌پێی یاساكه‌ی په‌رله‌مانیش هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی فه‌رمی و نافه‌رمی له‌سه‌ر ئاستی تاك و به‌كۆمه‌ڵیش له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له ناوه‌وه یان ده‌ره‌وه‌ی عێراق، سزاكه‌ی له‌سێداره‌دان یان زیندانی هه‌تاهه‌تایی ده‌بێت.