موسەننا ئەمین: سەدر بەرەو ئۆپۆزسیۆن بوون دەڕوات
  2022-06-01       389       


پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامیی له‌په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایده‌كات، ئاماژەکردنی موقتەدا سەدر بەئەگەری ڕۆیشتن بەرەو  ئۆپۆزسیۆن بوون، داننانێکی ڕوونە بەوەی هاوپەیمانێتیی سێقۆڵی لەدرووستکردنی زۆرینەی نیشتیمانیدا شکستیهێناوە، ده‌شڵێت:"پێشبینیده‌كرێت لەماوەی داهاتوودا گۆڕانکاریی بەسەر هەڵوێستی هاوپەیمانەکانی سەدردا بێت".

ئاوێنه‌: موسەننا ئەمین پەڕلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بەپێگەی"مەعلومە"ی وتووه‌، "ئاماژەی ئەمدواییەی موقتەدا سەدر بەڕۆیشتن بەرەو بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون لەحاڵەتێکدا ئەگەرهات‌و پڕۆژەی زۆرینەی نیشتیمانیی سەرینەگرت، ئەوە داننانێکی ڕاشکاوانەیە بەوەی هاوپەیمانێتیی سێقۆڵی ناتوانێت حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی دروستبکات".

ئه‌وه‌شى باسكردووه‌، "ڕاگەیاندنی چوونی سەدرییەکان بەرەو بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوون‌و کردنەوەی دەرگا لەبەردەم هاوبەشەکانی لەپارتی‌و هاوپەیمانی سیادە بۆئەوەی لەپێناو دروستکردنی حکومەتی داهاتوودا هاوبەشی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تردا بکەن کارێکی باشەو ڕەنگە ئەوە بوار بۆ ئەو دوو لایەنە بڕەخسێنێت چاو بەحیساباتەکانیاندا بخشێننەوەو گفتوگۆی نوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تردا بکەن‌و هەوڵی دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانیی بدەن".

موسەننا ئەمین هۆشداریداوە لەوەی، ئەگەربێت‌و لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانیی دروستنەکرێت‌و گۆڕانکاریی بەسەر هەڵوێستی پارتی‌و سیادە سەبارەت بەدرووستکردنی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیدا نەیەت، ئەوە دۆخی چەقبەستوی سیاسیی بەمەترسیدارترین قۆناغەکانیدا دەڕوات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×