ئێران لەبارەی بڕیارێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئەوروپا
  2022-06-03       505       

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا هەر هەڵوێستێکی سیاسی دژی ئێران لەرێگەی نوێنەرەکانیان لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بگرنەبەر، گفتوگۆکانی ڤییەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئاڵۆزتر دەبێت.

ئاوێنه‌:  حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ئەمڕۆ هەینی بەتەلەفۆن لەگەڵ جۆزیف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا قسەی کرد و ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا لەرێگەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دژی ئێران کاربکەن، ئێران دەستبەجێ وەڵامی گونجاویان دەداتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو پڕۆژەیەی ئەمریکا و سێ نوێنەرەکەی ئەوروپا لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم  پێشکەشیان کردوە، لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران یەکناگرێتەوە و گفتوگۆکانی ڤییەنناش ئاڵۆزتر دەکات.

پێشتر ئەمریکا رایگەیاندبو، پشتیوانی لە پڕۆژەکەی ئەوروپا دەکات بۆ ئیدانەکردنی ئێران بەرامبەر بەردەوامی هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم، کە بڕیارە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رۆژانی 6 تاوەکو 10ی ئەم مانگە دەنگی لەسەر بدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×