سەدر: ئێمە سەرۆکی حکومەت دیاری دەکەین
  2022-06-07       646       

جارێکی دیکە موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر داواکاری چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەتکردەوە و دووپاتی کردەوە کە حکومەتی زۆرینە پێکدەهێنێت.

ئاوێنە: لەناوجەرگەی ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر، جارێکی دیکە موقتەدا سەدر دووپاتی کردەوە، نیازی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی هەیە، چەند سەرچاوەیەکیش لە نەجەف دەڵێن، “سەدر پابەندە بەوەی پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی دیکە نەبێت، بەڵام تیمی چوارچێوەی هەماهەنگی هەر سوورن لەسەر بینینی سەدر”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، سەدر وەڵامی پەیامێکی نائاشکرای چوارچێوەی هەماهەنگی داوەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، “بوار نییە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر، نا بۆ حکومەتی تەوافوقی”.

لە وەڵامەکەیدا سەدر ئاماژەی بەوەشکرد، “دیاریکردنی سەرۆکی حکومەت لە دەستی ڕەوتی سەدردایە لەدوای ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوبەشانی لەناو هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمان”.

لەبارەی ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کردووە لە حکومەتی داهاتوودا شەش وەزارەت بدرێت بە ئەوان، موقتەدا سەدر وتویەتی، “وەزیرەکان دەبێت لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بن”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، سەدر دووبارە داوای دوورخستنەوەی میلیشیاکانی کردووە و شەش مانگ مۆڵەتی داوەتە چوارچێوەی هەماهەنگی تا لەڕێی لیژنەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی بەرگری و دەستەی حەشدەوە ئەم میلیشیایانە هەڵبوەشێنێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×