ئێوارەی ئەمڕۆ(سێشەممە)، وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم لە كۆبونەوەیەكدا جەختیان كردەوە لەسەر "ھاوئاھەنگیکردنی ھەڵوێستەکان لەپێناو روبەڕوبونەوەی ھەمو ئەو پیلانانەی ھەڕەشە لە سەقامگیری پرۆسەی سیاسی و ئەزمونی دیموکراسی لە وڵات دەکەن."
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەنما سامەڕائی کۆبونەوە.
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی سیاسی گفتوگۆی لەبارەوەکرا و رێگا چارەکان بۆ بارودۆخێکی باشتر بە بەشداری ھێزە نیشتمانییەکانی دیکە خرایەڕو.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"بەشداربوانی کۆبونەوەکە داوایانکرد کە پێویستە حکومەت ئەرکەکانی لە ئەستۆ بگرێت بەرامبەر بە ھاوڵاتیان و ھەوڵی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ھەمو وڵات بدات."
ئەوەش خراوەتەڕو"لایەنەکانی بەشداربوی کۆبونەوەکە ھاوڕابون لەسەر بایەخی ھاوئاھەنگیکردنی ھەڵوێستەکان لەپێناو روبەڕوبونەوەی ھەمو ئەو پیلانانەی ھەڕەشە لە سەقامگیری پرۆسەی سیاسی و ئەزمونی دیموکراسی لە وڵات دەکەن."
ھەروەھا جەختکرایەوە لەسەر "پێویستی بەردەوام بونی ھەوڵەکان بۆ بەدیھێنانی کارە لە پێشینەکان لە پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز کە توانای ئەنجامدانی چاکسازی ھەمەلایەنەی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت ھەبێت و زامنی مافی ھەمو رۆڵەکانی گەلی عێراق بکات بە پێی یاسا و دەستور."