ئەردۆگان: پشتێنەی ئەمنیی بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لەباکوری سوریا تەواو دەکەین
  2022-06-09       564       


رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگە بەبونی رێڕەوی ئارام نادات بۆ "تیرۆرستان" لە سنوری باشوری وڵاتەکەی، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت دەکاتەوە لەسەر تەواوکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لەباکوری سوریا.

ئاوێنه‌: رەجەب تەیب ئەردۆگان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانەی بەشداریکردنیی لە کۆنفرانسێکدا لە پارێزگای ئزمیر ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەنگاو بە هەنگاو کاردەکەین بۆ پاراستنی سنورەکانمان، ئەویش لەرێگەی تەواوکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لە باکوری سوریا".

ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی حکومەتەکەی ئەوەیە لەرێگەی دروستکردنی پشتێنەی ئەمنییەوە، ملیۆنێک ئاوارەی سورییش بە ئارەزومەندانە بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنێتەوە، ئەو پڕۆژەیەش لە کەمترین ماوەدا جێبەجێ دەکەن.

دوای ئەوەی تورکیا نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر بۆسەر ناوچەکانی رۆژئاڤای کوردستان ئاشکراکرد بەهۆکاری دروستکردنی ناوچەی ئارام و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا، رۆژی 24ی ئایار، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نەیاری خۆی بۆ ئۆپراسیۆنەکە دەربڕی و رایگەیاند، هانی تورکیا دەدەن لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام نەدات. 

 نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند،  ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامی ئاگربەست لەو ناوچەیە دوپاتدەکاتەوە و باوەڕی وایە دەبێت هەمو لایەنەکان رێز لە سنورەکانی ئاگربەست بگرن و ئارامی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بپارێزن، بۆیە ئیدانەی ئەو لایەنانەش دەکەن کە هەوڵی زیادکردنی گرژییەکان دەدات و داوای چارەسەری سیاسی دەکەن بۆ کێشەکانی ناوچەکە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×