فیدراسیۆنی پەنابەران: بڕیاری ناردنی دو پەنابەری كورد بۆ رواندا هەڵوەشێنراوەتەوە
  2022-06-13       500       

سکرتێری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق رایگەیاند، یەکەمین گەشتی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاماژە بەوە دەدات لەنێو ئەو 11 پەنابەرەی بڕیارە رەوانەی رواندا بکرێن سیانیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن بەڵام دوای هەوڵەکانیان بڕیاری ناردنی دوان لە پەنابەرە كوردەكان بۆ رواندا هەڵوەشاوەتەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، بە روداوی راگەیاند"زۆر بەداخەوە دادگای باڵای شاهانەی بەریتانیا بڕیارێكی نادادپەروەرانەی دا، ئەویش یەکەمین گەشتی دیپۆرتکردنی پەنابەران بۆ رواندا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە...سێ دادوەر کە بەرپرسیاریێتی ئەو کەیسەیان لە ئەستۆیە ئەمڕۆ بڕیاری دیپۆرتکردنی ئەو 11 کەسەیاندا بۆ رواندا".

لەبارەی ناسنامەی ئەو 11 پەنابەرە، سکرتێری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی وتی: "ئەو 11 کەسە سێیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، چواریان خەڵکی ئێرانن، دوانیان خەڵکی ئەلبانیان و دوانیشیان سورین. خۆشبەختانە دوای هەوڵەکانی ئێمە دو لەو هاوڵاتیانەی هەرێمی کوردستان بەناوەکانی (نەژاد سەعید قادر)و (ژیار نەوزاد) تیکتەکانیان هەڵوەشایەوە، کە خەڵکی شاری سلێمانین، بەڵام هێشتا پەنابەرێکی دیکەی شاری سلێمانی بەناوی کاک (بەرهەم) تیکتەکەی رەتنەکراوەتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×