عێراق رێگەنادات پڵنگە بریندارەكەی دهۆك بنێردرێتە دەرەوەی وڵات
  2022-06-14       607       

تیمی پاراستنی پڵنگی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتى ژینگەى عێراق مۆڵەتى ناردنە دەرەوەى ئەو پڵنگە دەگمەنەى پێنەداون کە سەرەتاى ئەمساڵ لەسنورى پارێزگای دهۆک بەهۆى تەڵەوە برینداربو و دواتر قاچى بڕدرایەوە.

ئاوێنە: سەرەتاى ئەمساڵ  لە گوندی (زرێزە)ی سەر بە قەزای باتیفا بەهۆى ئەوەى پێی بەر تەڵە کەوت برینداربو و دواتر نەشتەرگەری بۆ کرا و پێیە بریندارەکەی بڕدرایەوە، پاشان برایە باخچەی ئاژەڵانی دهۆک و بریاردرا رەوانەى دەرەوەى وڵات بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، هانا ڕەزا، بەڕێوەبەرو دامەزرێنەری پرۆگرامی پاراستنی پڵنگی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد"ئەم پڵنگە لەڕوی جیناتەوە گرنگیەکی زۆری هەیەو دەکرێت سودی هەبێت لەڕێی ناردنی بۆ باخچەیەکی ئاژەڵان کە ئەندامە لە دامەزراوەی ئەوروپی ئیزاو بەوهۆیەشەوە ئێمە هەمو ڕێو شوێنە فەرمیەکانمان گرتەبەر و کەسانی پسپۆڕو شارەزامان ڕاسپارد کە هاوکارمان بن لە پاراستنی بۆماوەمادەی ئەم پڵنگە کە سامانێکی گرنگی نیشتیمانییەو بە خۆشحاڵییەوە کەسانێک کە لە سەرتاسەری جیهاندا شارەزاو پسپۆڕی ناسراو باوەڕپێکراون هاتنە سەر خەت و داواکەیان قبوڵ کردین."

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەڵام وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئەم داوایەی ئێمەیان ڕەت کردەوە بەو بیانوەی کە "خۆیان لە عێراق هەمو پسپۆڕییەک و شوێنی تایبەتیان هەیە کە زۆربون بەم پڵنگە بکەن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "سەرەڕای هەوڵی ئێمە لە تێگەیاندنی ئەو لایەنەو سەلماندنی ئەوەی کە پسپۆڕی لەو جۆرە لە عێراقدا بونی نییە، ئەوان سورن لەسەر ئەو بڕیارەی خۆیان."

جەختیشی كردۆتەوە كە "هێشتنەوەی پڵنگەکە لە باخچەی ئاژەڵان وادەکات کە ئەگەری سودبینین لە بۆماوەمادەی ئەم پڵنگە ڕۆژ بەڕۆژ کەمتر بێتەوەو ئەگەری توشبونی پڵنگەکەش بە نەخۆشی و لەدەستدانی زیاترەو هەمو ئەو هەوڵ و ماندوبونەی ئێمەو ئەو کەس و لایەنانەی بەشداربون لە ڕزگارکردنی ئەم پڵنگەدا بەهەدەر ببرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×