ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە روداوێكی شەڕو تەقەكردندا لە پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانی ژمارەیەك كەس برینداربون.
ئاوێنە: لە یەکێک لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی روداوێکی شەڕەچەقۆ و شەڕەتەقە رویداوە و بەهۆی فیشەکەوە کەسێک بریندارە، هەروەها بەهۆی چەقۆشەوە چەند کەسێک بریندارن کە ژمارەیان دیار نییە.
خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێلەکە بە ئێن ئار تی راگەیاند، روداوەکە هیچ پەیوەندی بە کڕین و فرۆشتن و یاخود مامەڵەی پێشانگاکەوە نەبوە و کەسێک لەدەرەوەی پێشانگاکە هاتوە و دواتر لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لەسەرەتادا شەڕی دەستەویەخەیان بوە بە بەکارهێنانی چەقۆ و پاشانیش بوە بە شەڕە تەقە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕکەرەکان کارمەندی پێشانگاکە نین و نایانناسێت، تەنها یەکێکیان نەبێت کە ناوبژی کردوە و سەرئەنجام بەهۆی فیشەکەوە برینداربوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
هاوکات، بە گوێرەی زانیارییەکان تا ساتی گەیشتنی پۆلیس بە شوێنی روداوەکە، شەڕکەرەکان سەرجەمیان هەڵاتون و تا ئێستاش دیار نییە کە ئایا دەستگیرکراون یاخود نا، تەنها برای بریندارەکە نەبێت کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستگیرکراوە و سەرجەم کامێراکانی چاودێریش بە هەمان مەبەست بردراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردودا چەیدن روداوی شەڕەتەقە رویانداوە و چەندین کەسیش کوژراون و برینداربون و دواین روداوی شەڕەتەقەش کە رویدابێت رۆژی ١٢ی مانگی ئایار بو کە دو گروپ لەسەر کێشەی زەوی و زار لەشەقامی شەستی سلێمانی روبەڕوی یەک بونەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربو.