مەسرور بارزانی: رێگە لە خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆجیاو ئینتەرنێت بگیرێت
  2022-06-14       406       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن رایگەیاند، "دەبێ ڕێگە لە خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاو ئینتەرنێت و ئامێرەکانی پەیوەندی بگیرێت و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە."

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کرد و لەلایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشوازی لێ کراو پاشان بە ئامادەبونی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کرد.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی وتویەتی"پێویستە لە کوردستان سوود لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا وەربگیرێت بە ئاراستەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی باشتر وخێراتر."

سەرۆكی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕو، نابێ قۆرخكاری لە بواری گەیاندن و پەیوەندی و کارکردنی کۆمپانیاکانی ئەو بوارەدا بكرێت و "پێویستە پشتیوانیی لە داهێنان لە بواری تەکنەلۆجیا و پڕۆژەی بچوک بکرێت و دەبێ لە وەرگرتنی کارمەندانی کەرتی تایبەت، زۆرترین دەرفەت بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدرێت و نابێ ڕێژەی کارمەندانی خەڵکی هەرێم لە کۆمپانیاکان، لە %70 کەمتر بێت."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی لە پێویستی و گرنگیی ڕێکخستنەوەی بەکارهێنانی پەیوەندی و تەکنەلۆجیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بەداخەوە زۆر جار خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا و ئامێرەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیانێکی زۆری بە کۆمەڵگە گەیاندووە و کێشەی گەورەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و یاسایی لێکەوتووەتەوە، ئەمە جیا لەوەی زۆر جار بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی بیرو هزری تیرۆریستی و تووندڕەوی، بۆیە دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت بگیرێتەبەر."

سەرۆکی حکومەت، "باسی لە پلانەکانی حکومەتیش کرد لە بواری پێشخستنی گواستنەوەی گشتی لەم ڕووەوە ئاماژەی بە پڕۆژەی ستراتیجی بنیاتنانی هێلی ئاسنین لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان کرد کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا "باس لە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە پاس و تەکسی لە نێو شارەکان و دروستکردنی تێرمێنالی نێودەوڵەتی بۆ بارهەڵگرەکان و چەندین پڕۆژەی دیکە بۆ باشترکردنی گواستنەوەی گشتیی کرا."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×