بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستی سلێمانی دەڵێت "لەسلێمانی تووشبوون بەپەتای سکچوون ستانداردی جیهانی تێپەڕاندووەو گومانێکی زۆر دەکەن پەتای کۆلێرا بێت کە یەکێکە لەخراپترین جۆرەکانی پەتای سکچوون".
ئاوێنە: د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە ١٥ی حوزەیران لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پەتای سکچوون بە رێژەیەکی زۆر لەناو پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری زیادیکردووە، ئەوە شتێکی چاوەڕوانکراوبوو بۆ ئێمە، هەموو ساڵێک لەو وەرزانە پەتای سکچوون زیاد دەکات، بەڵام ئەوەی جێگەی ترس و دڵەڕاوکێی ئێمەیە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پێنج شەش ساڵ جارێک پەتای کۆلێرا بڵاودەبێتەوە".
راشیگەیاند "ئەمساڵ ئێمە زۆر گومان دەکەین پەتای کۆلێرا بڵاوبووبێتەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەپێی پشکنین دەرنەچووە هیچ هاووڵاتییەک تووشی کۆلێرا بووبێت، بەڵام بەپێی نیشانە سەرەتاییەکان گومان دەکەین کە ئەم پەتایە پەتای کۆلێرا بێت، ئامادەکاریمان بۆ کردووە، داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەین پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، چونکە پەتای سکچوونیش پەتایەکە دەتوانم بڵێم لە قۆناخێکدا پەتایەکی کوشندەیە، بۆیە ئێمە ترسمان لێ نیشتووە، لەبەر ئەوە ژمارەکە زۆر زیادیکردووە لە پارێزگای سلێمانی، دوێنێ لە نەخۆشخانەی شار بە تەواوەتی جێگامان نەمابوو، بۆیە نەخۆشخانەی شەهید هێمنمان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردوە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە پەیوەندی بە خۆراک و ئاوەوە هەیەو داوا لە هاوڵاتیان دەکات، "پزیشکی پسپۆر، پزیشکی پایە بڵند، کارمەندی تەندروستی، شوێنی گونجاو لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن، کە پێی دەگوترێت نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی سەر قەبرانەکە دابینکراوە، ئەوێ تایبەتکراوە بە پەتای سکچوون، هەموو دەرمان و پێداویستییەکی پێویست لەوێ هەیە، هەرکەسێک تووشی کێشەی سکچوون بوو، سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە بکات و نەچێتە هیچ نەخۆشخانەیەکی دیکە."
هەورامی داوا لە خواردنگەکان و ئەو شوێنانەی خواردن دەفرۆشن دەکات "بەهیچ شێوەیەک سەوزە نەفرۆشن، هەر خواردنگەیەک سەوزە بفرۆشێت، بۆ ماوەی هەفتەیەک شوێنەکەی دادەخەین و رەوانەی دادگای دەکەن"