ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2022-06-15       350       

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا چەند بڕیارێك دران لەوانە، چارەسەركردنی گرفتی گرانبونی بەنزین، درێژكردنەوەی ماوەی داشكاندنی لەسەدا 15ی قەرزو پێشینەەكانی حكومەت لای هاوڵاتیان بۆ 90 رۆژی دیكە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە كۆبونەوەكەدا، سەرۆک وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە زوترین کات گرفتی گرانبونی بەنزین چارەسەر بکەن.

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئەنجومەنی وەزیران زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز پەسەند دەکات.

هەروەك بڕیاریش دراوە بە درێژكردنەوەی ماوەی داشكاندنی لەسەدا 15ی قەرزەكانی حكومەت لای هاوڵاتیان بۆ ماوەی 90 رۆژی دیكە.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان كردۆتەوە.

سەبارەت بە گفتوگۆكانیش لەگەڵ بەغدا، "ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دوپات کردەوە لە بەردەوامبون لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم وبەغدا لە چوارچێوەی دەستور."

هەروەها "لیژنەی دانوستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە کۆبونەوە و گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگيی پێویست لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیيەکان بکەن و تیمی یاسایی ئەنجومەنیش ڕاسپێردران، ڕێکاریی پێویست دەست پێ بکەن بۆ داکۆکیی یاسایی و دەستوریی لە ماف وشایستەکانی هەرێم وەک لە دەستوردا جێگیرکراوە، بە تایبەتیش کە ئێستا خەرجی وداهات و میلاکی وەزیفیی هەرێم لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندکراون."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدرال لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لە لایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ خرایەڕو، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دوپات کردەوە لە بەردەوامبون لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم وبەغدا لە چوارچێوەی دەستورو، لیژنەی دانوستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە کۆبونەوە وگفتوگۆکان بەو ئاراستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگيی پێویست لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیيەکان بکەن و تیمی یاسایی ئەنجومەنیش ڕاسپێردران، ڕێکاریی پێویست دەست پێ بکەن بۆ داکۆکیی یاسایی و دەستوریی لە ماف وشایستەکانی هەرێم وەک لە دەستوردا جێگیرکراوە، بە تایبەتیش کە ئێستا خەرجی وداهات و میلاکی وەزیفیی هەرێم لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندکراون.

پاشان لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچون و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، کورتەیەک دەربارەی ڕاپۆرتی ژمارە ( 3 )ی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یاسای چاکسازی خرایەڕو، کە بەم دواییانە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە و لە هەشت بەشی سەرەکی پێکهاتوە لەسەر بنەمای ماددە وبڕگەکانی یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 سەبارەت بە بەرەوێشچون وئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکە کە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمە. بڕیاریشدرا حەفتەی داهاتو ، هەر وەزارەتێک بە پێی تایبەتمەندیی و بە ژمارە وزانیاریی پێویست، ئەو چاکسازییانە بخاتەڕو کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی لە وەزارەت وفەرمانگەکانیان ئەنجامدراون، هەروەها باسی بەرنامە وپلانی داهاتوشیان لەمبارەیەوە بکەن دواتریش بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕو تا خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت لە بواری چاکسازیی ئاگادار بن.

بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە ، تایبەت بو بە دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسای  هەموارکردنی ماددەی چوارەم لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 تایبەت بە زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی.

لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی خوشک وبرایانی کریستیان، کۆنوسی لیژنەکەی خستەڕو کە چەندیین بڕیار وپێشنیاری لەخۆگرتبو، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشیکردن لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە و هەردو پارێزگاری هەولێر و دهۆک، بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بەشێوەیەک باش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم،  بەردەوام دەبێت لەپاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لە ناویشیاندا هاوڵاتیانی کریستیانی ئەم هەرێمە، کە ڕێزگرتن و لێبوردەیی وبەیەکەوەژیان لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هەرێمی کوردستانن و جێگەی شانازیمانە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە ڕێگریی بکەن لە هەر زیادەڕۆیی ودەسترێژییەک بۆ موڵکداریی كريستيانەکان یان هەر هاوڵاتییەکی دیکە لە هەرێم و ڕێگە بە هیچ کەس و گروپ و لایەنێک نادرێت لەژێر هەر ناوێکدا بێت هەوڵی تێکدانی بەیەکەوەژیان بدات و ستەم و زۆرداریی لە خەڵک بکات .  ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانیکردن لە قسەکانی سەرۆک وەزیران، جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە 5 ساڵی  2015 لە ناویشیاندا خوشک وبرایانی کریستیان وەک هاوڵاتی ڕەسەنی کوردستان کردەوە.

لە بڕگەی چوارەمدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %15 ی ئەو پێشنینانەی حکومەت کە لەلای هاوڵاتییانە وەک: پێشینەی خانوبەرە ، قەرزی سندوقی نیشتەجێبون و بانکی خانوبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری ، قەرزی بچوک ، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری و پابەندی دارایی کەڵەکەبوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو دەستەری کۆمەڵایەتی و سزای دواکەوتن و سود لە سەر باج و رەسم . ئەم درێژکردنەوەیەش تەنیا بۆ 90 ڕۆژ دەبێت و دوا دەرفەت دەبێت بۆ سود وەرگرتن لەم ئاسانکارییە و جارێکی دیکە داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە زوترین کات گرفتی گرانبونی بەنزین چارەسەر بکەن کە بارگرانیی زۆری لەسەر هاوڵاتییان دروست کردوە و هاوردەکردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ڕێگەپێدراو بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×