مەسرور بارزانی: كێشەكان لەگەڵ بەغدا تەنیا بودجەو نەوت و گاز نین
  2022-06-16       658       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق، رایگەیاند، کێشەکان لەگەڵ بەغدا، تەنیا بودجەو نەوت و گاز نین، بەڵکو ئێمە هەرێمێکی فیدرالی و دەستورین و دەبێ بەپێی دەستور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت .

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق کرد .

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا کە رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بو، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربونی لە باڵیۆزی ئەمەریکا کردو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا لە پێناو بەرەوپێشبردن و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"پاشان سەرۆکی حکومەت، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابوری و سەرچاوەکانی داهات خستەڕو، بە ئاڕاستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەھێزی ئابوری و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان."

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "خەڵکی کوردستان، خاوەن دۆزو مافی نەتەوەیی و دەستوریین و کێشەکان لەگەڵ بەغدا، تەنیا بودجەو نەوت و گاز نین، بەڵکو ئێمە هەرێمێکی فیدرالی و دەستورین و دەبێ بەپێی دەستور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت ."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا، پابەندبونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکاو سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی عێراق دوپات کردەوە .

باڵیۆزی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە "عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی گرنگن لە سیاسەتی ئەمەریکاو جەختیشی لە گرنگی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردەوە کە لەئاستی داخوازیییەکانی خەڵکی عێراق بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی بکات و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×