پارێزگای هەولێر: بەهۆی دەستكاریكردنی كوالیتی بەنزین 26 بەنزینخانەی تر سزادران
  2022-06-16       522       

پارێزگای هەولێر ئاشكرایكرد، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا 26 بەنزینخانەی تر بەهۆی خراپی بەنزین و دەستكاریكردنی كوالیتییەكەی سزادراون و ناوی حەوت بەنزینخانەش بڵاودەكاتەوە بەهۆی دوبارەکردنەوەی سەرپێچییەكان.

ئاوێنە: پارێزگای هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد"بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاوڵاتیان و له‌به‌رامبه‌ر دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا (26) بەنزینخانەی تر لەهەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەربە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر."

ئەوەشی خستۆتەڕو"کۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە تاکو ئەمڕۆ سزادراون (76) بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا (7) بەنزینخانە بەهۆی دوبارەکردنەوەی سەرپێچی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتیى، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە."

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەو حەوت بەنزینخانەیە پێكدێن لە: بەنزینخانەی (ئارمان) لەکەورگۆسک، بەنزینخانەی (رۆڤا) لەشەقامی 100مەتری تەنیشت قوتابخانەی ئەحمەدی خانی، بەنزینخانەی (تەیراوە) لەجوت سایدی کۆنی بەحرکە، بەنزینخانەی (هیوا/ تەیراوە) نزیک شیرنەمەنی عەشتار، بەنزینخانەی (مان) لەسەر شەقمی کۆڕنیش، بەنزینخانەی (سپلندەر) لەشەقامی حەدید و خەشەب، بەنزینخانەی (باران) لەسەر ڕێگای خەبات-هەولێر.

پارێزگای هەولێر جەختی كردۆتەوە كە "تیمەکانى لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ دەفرۆشنە هاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن."

داواشی لەهاوڵاتیان كردوە لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچییەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنى بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى کوالێتیەکەى لەزوترین کات ئاگادارى قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×