محەمەد ئیسماعیل: پارتی و یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردن دۆڕانێكی گه‌وره‌ چاوه‌ڕوانیان ده‌كات
  2022-06-20       443       

محه‌مه‌د ئیسماعیل، په‌رله‌مانتاری نەوەی نوێ لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگەیاندووە، دۆڕانێکی گەورە چاوەڕێی یەکێتی و پارتی دەکات، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە نەبوایە دوو حزبی 150 ساڵە لە هێزێکی چوار ساڵە نەدەترسان.

ئاوێنه‌: محەمەد ئیسماعیل، لە بڵاوکراوەیەکدا باسی له‌وه‌شكردووه‌: "پارتی و یەکێتی تەمەنی سیاسەتکردنیان زیاترە لە 150 ساڵ، بەڵام لە نەوەی نوێ دەترسن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کە بەوتەی خۆیان (تەمەنی کۆترێکمان هەیە!)".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "نابێت چیتر دەسەڵات هەڵتان بخەڵەتێنێت کە جار جار باسی ئەوە دەکەن هەڵبژاردن گرنگ نییە، ئەگەر هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە نەبوایە، ئاوها دوو حزبی 150 ساڵە لە هێزێکی نوێی چوار ساڵە نەدەترسان".

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ بێت یان سبەی دۆرانێکی گەورە چاوەرێی پارتی و یەکێتی دەکات.

دوێنێ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "داوا لە حکومەتی فیدراڵی عیراق و سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و پەرلەمانەکەی بوەستێنن لە ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا".

بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە هەرێم هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڵام تا ئێستا کۆمسیۆن کارانەکراوەتەوە، لەکاتێکدا دەبێت شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردنەکان کۆمسیۆن کارابکرێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاری.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×