شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هاوكاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەكانی توركیا ئەنجامیان نابێت
  2022-06-20       471       

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كاڕگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەشداری پرسەی فەرهاد شبلی كردو رایگەیاند:" ناكرێ هەرچی داهات و دەستكەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرین بۆ توركیا".، راشیگەیاند:" كەسێك خۆی بە كورد بزانێت لەپێناو دۆلارێكدا ژیانی كوردێكی دیكە لەناونابات".

ئاوێنه‌: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كاڕگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەشداریی لە پرسەی شەهید فەرهاد شبلی و هاوڕێكانیدا كرد و لە پەیامێكیشدا ڕایگەیاند:" ناكرێ هەرچی داهات و دەستكەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرین بۆ توركیا و ئەویش بەكاریبهێنێتەوە بۆ كوشتنی خۆمان".

هەروەها راشیگەیاند:" ئەگەر هاوكاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەكانی توركیا ئەنجامیان نابێت".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەشی دووپاتكردەوە كە"ئەردۆغان، سوڵتانەكەی توركیا لە زمانی ئیدانە تێناگات".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كاڕگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی (سلێمانی، شارەزوور و گەرمیان)ی ئەو حزبە بەشداریی لە پرسەی شەهید فەرهاد شلبی و هاوڕێكانیدا كرد، كە لە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی.

دوای بەشدارییكردنی لە مەراسیمەكە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" بێگومان ئەوە دەستدرێژییەكی ڕوون و ئاشكرایە بۆ سەر خاكی كوردستان و ژیانی خەڵك، قسەمان زۆر كردووە و ئیدانەمان زۆر كردووە، بەڵام لەوە ناچێ سوڵتانەكەی توركیا لە هیچ یەكێك لەو زمانانە تێبگات، بۆیە پێویست دەكات كە شێوازی قسەكردنمان بگۆڕین لەگەڵیدا، تێبگات كە ژیانی ئەم خەڵكە زۆر گرنگە".

" دەستدرێژیكردنە سەر منداڵ و سووتاندنی گوند و چۆڵكردنیان و كوشتن و دەستنیشانكردنی ئەو خەڵكانەی كە بە میوانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیی بێن، ئەوە بەهیچ شێوەیە مایەی قبوڵ نییە"، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وای وت.

كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەنەكە لەبارەی زیادبوونی هێرشەكانی توركیا لە سنووری سلێمانیش دەڵێت:" ئەوە جێگەی داخە كە لە سلێمانی بەوشێوەیە خەڵك دەستنیشان دەكرێن، بەڵام لە شوێنەكانی دیكەش خەڵك دەستنیشان كراون، هەموو گوندەكان، هەموو مرۆڤەكان، منداڵ، ژن و پیاو دەستنیشان كراون، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرنامەمان هەیە كە شێوازی گفتوگۆ و مامەڵەمان بگۆڕین لەگەڵ بەرامبەرەكانمان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×