دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی فۆڕمی شوقەی كرێنشینان رونكردنەوە دەدات
  2022-06-20       507       

بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لەبارەی فۆڕمی شوقەی كرێنشینان رونكردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەوانەی كێشەیان لە ناردنی وێنەی كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری و پسولەی خۆراك هەیە، دەبێت قەبارەی وێنە بچوك بكەنەوە.

د.هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە میدیای پارتیی ڕاگەیاند، "ئەوانەی كێشەی تۆماركردنیان لە فۆڕمی شوقەكان هەیە، هەندێكیان كێشەیان لە خودی مۆبایلەكان و هێڵی ئینتەرنێت و بەرنامەكان هەیە، ئەگەرنا هەمو زانیارییەكان بە دو بۆ سێ خولەك پڕ دەكرێنەوە".

ئاماژەی بەوەش کردوە، "ئەوانەی كێشەیان لە ناردنی وێنەی كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری و پسولەی خۆراك هەیە، دەبێت قەبارەی وێنە بچوك بكەنەوەو بابەتەكە تەكنیكییەو پێویستە پشت بە كەسی شارەزا ببەستن، بۆ ئەوەی زانیارییەكان بە دروستی بنێرن."

سەبارەت بەو كەسانەی هاوسەریان مردوە، یان جیابونەتەوە، یان ئەو منداڵانەی دایك و باوكیان نەماوە، باسی لەوەکردوە، "ئەگەر دایك و باوكیان نەمابێت، منداڵ دەبێت وەكو سەرۆك خێزان بنوسرێت و خوشك و براكانیشی وەكو ئەندامی خێزان، ئەگەر ئافرەت هاوسەری مردبێت، ئەوە دەبێت زانیارییەكانی پەیوەست بە هاوسەری پڕ بكاتەوە، چونكە ئەگەری هەیە پێشتر لە حكومەت سودمەند بوبێت."

ڕونیشیکردوەتەوە، "ئەگەر خانەوادەی شەهیدێك خانویان وەرگرتبێت و بەناوی یەكێكەوە كرابێت وەك تاپۆ، بەڵام كرێچی بێت، ئەوە بە سودمەند ئەژمار دەكرێت، ئەوانەشی كە زەوی و خانویان لە حكومەت وەرگرتبێت نایانگرێتەوە، چونكە سودمەندن."

ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەوەی گرنگە زانیارییە سەرەكییەكان دروست بن، كوڕێك و باوكێك پێكەوەن و كرێچین و یەك ژمارەی خانو و یەك كارتی زانیارییان هەیە، یان كەسێك ژمارەی خانوی هەڵەیە ئەوانە كێشە نین، بەڵكو گرنگە زانیارییە سەرەكییەكان تەواو بن، لەوانە ناو و ناونیشان دروست بێت و زانیارییەكان راست و دروست بن". 

هەڤاڵ سدیق وتوشیەتی "با هاوڵاتییان پەلە نەكەن و زانیارییەكانی نێو فۆڕمەكە بەوردی و بەتەواوی پڕ بكەنەوە، ئێمە بۆیە پڕكردنەوەی فۆرمەكە و ناردنەوەیمان بە ئۆنلاین كردوە، چونكە پرۆسەكە خێراتر دەكات و لە ڕوی ڕێكوپێكی و كات و كەمكردنەوەی ڕۆتینەوە باشترە". 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×