لە هەولێر "دایکێک بەشێوازێکی زۆر دڕندانە منداڵەکانی ئەشكەنجە دەدات"
  2022-06-20       1000       

لقی هەولێری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان رایگەیاند، دوای دڵنیابونەوە لەوەی كە "دایكێك بەشێوازێكی زۆر دڕندانە منداڵەكانی ئەشكەنجە داوە كە تەمەنیان لە خوار یەك ساڵاندایە، رێكاری یاسایی بەرامبەر گیرایەبەر بۆئەوەی بە سزای یاسایی بگات.

ئاوێنە: لقی هەولێری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی لەلایەن هەواڵدەرێکەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/هەولێر، ئاگادارکرایەوە لە بونی حاڵەتێکی ئەشکەنجەدان، کەوا دایکێک  منداڵەکانی کە تەمەنیان لە خوار یەک ساڵیدایە بە شێوازێکی زۆر دڕندانە ئەشکەنجە دەدات، دەستبەجێ بە سەرپەرشتی نەقیبی پۆلیس (کاروان جەمیل) لێپرسراوی تیم مۆبایلەکان لەگەڵ تیم مۆبایلی رۆژئاوای هەولێری بەڕێوەبەرایەتیمان گەیشتن بە شوێنی روداو و دوای دڵنیابون لە راستی روداوەکە و بەدەستهێنانی بەڵگەی ڤیدیۆیی ئەشکەنجەدان، دایکەکە و منداڵەکانی هێنرانە بەڕێوەبەرایەتیمان."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە دەرەنجامدا رێکاری یاسایی  پێویستیان لەبەرامبەر گیرایەبەرو رەوانەی بەردەم دادوەر کران، بۆ ئەوەی دایکەکە بە سزای یاسایی بگات و منداڵەکانیش رێکاری پێویست و ئاسایشی کۆمەڵایەتیان بۆ دابین بکرێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ڤیدیۆی ئەشکەنجەدان و بەڵگەی پێویستی روداوەکە پێشکەشی دادوەر کراوەو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیمان  پارێزراون."

بەڕێوەبەرایەتییەكە داوای لە هاوڵاتیان كردوە لەبونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراوی لەم شێوەیە، هاوکاریان بن و  ئاگاداریان بکەنەوە لە رێگای پەیوەندی کردن بەهێڵی گەرمی ژمارە (١١٩)ی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، یاخود لە رێگای پەیجی فەرمی (بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/هەولێر) لە فەیسبوك ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن رێکاری پێویست لە دژی ئەم جۆرە تاوانانە ئەنجام بدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×