لە هەرێم یەك ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى تەرخان دەكرێت
  2022-06-20       346       

ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵای هەرێم رایگەیاند: بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاترى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە کوردستان و بایەخدان بە توێژەرانى زانکۆکانى کوردستان، بە پشتیوانى سەرۆکایەتى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران بڕیارماندا بە تەرخانکردنى بڕى یەك ملیارو 500 ملیۆن دینار، بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ئەو توێژینەوانەى دەچنە بوارى خزمەتکردن بە کێشەو بابەتە گرنگەکانى پەیوەست بە کۆمەڵگە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەو قسانەی ئارام محەمەد، ئەمڕۆ دووشەمە  لە ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى کۆیەدا هاتون، کە تیایدا (د. محەمەد حەسیب) لە شوێنى (د. وەلى مەحمود) وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى کۆیە دەستبەکاربو.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە گرنگى و بایەخى توێژینەوەى زانستى کردو ڕایگەیاند: توێژینەوەى زانستى بنەماى پێشکەوتنى کۆمەڵگەو حکومەت و دامەزراوەکانە، بۆیە ئەو حکومەتانەى لەسەر بنەماى دەرئەنجامەکانى توێژینەوەى زانستى کار و پلانى داهاتویان دادەڕێژن، کۆمەڵگەو حکومەتى پێشکەوتون و بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە دەتوانن ڕوبەڕوى ئاڵنگارییەکان ببنەوە.

وتیشی، "هەر بۆیە بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاترى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و بایەخدان بە توێژەرانى زانکۆکانى کوردستان، بە پشتیوانى سەرۆکایەتى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران، بڕیارمان داوە بە تەرخانکردنى بڕى یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ ئەجامدانى توێژینەوەى زانستى و ئەو توێژینەوانەى دەچنە بوارى خزمەتکردن بە کێشەو بابەتە گرنگەکانى پەیوەست بە کۆمەڵگەکەمان."

بەپێی قسەی وەزیری خوێندنی باڵا "لە زانکۆکانى کوردستان توێژەرى بەتوانامان هەیە، کە ساڵانە لە بوارە جیاوازەکان توێژینەوەى گرنگ ئەنجام دەدەن، بۆیە تەرخانکردنى ئەم بڕە پارەیە بۆ توێژینەوەى توێژەرەکانمان، بەشداریکردنە لە بونیادنانەوەى ژێرخان و سەرخانى هەرێمى کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×