مەسرور بارزانی رەخنەی لە میدیا هەیەو دەڵێت: دۆخی خەڵك لە هەرێم خراپ نییە
  2022-06-20       729       

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رەخنەی لە میدیاكان هەیەو دەشڵێت، دۆخی خەڵک لە هەرێمی کوردستان خراپ نییە، بەڵام کەسانێک هەن دەیانەوێت "رەشبینی بڵاوبکەنەوە.."و هەر کەسێک داوای پشک لە وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان بکات "با ئەو وەبەرهێنەرو کۆمپانیایانە بەڵگەکانیان بدەنە نوسینگەکەی من.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە شاری هەولێر لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەر و نوێنەرانی ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "ئەو هەندێک رەخنەی هەن لە دەزگاکانی راگەیاندن کە کەموکورتیی بچوک گەورە دەکەن، کارو پڕۆژە گەورەکان پێشانی خەڵک نادەن و گیانی نیشتمانپەروەری بڵاوناکەنەوە."

وتیشی، "لەوانەیە ئێوەش رەخنەتان هەبن و هاتوم گوێ لە رەخنەکانتان بگرم بە تەواوی ئازادییەوە."

چەند رۆژنامەڤانێک رەخنەی ئەوەیان گرت کە لەم کابینەیەدا ئازادیی کاری راگەیاندن و ئازادیی رادەربڕین کەمبوتەوە، مافی مرۆڤ لە کوردستان پاشەکشەی کردوە، گرتنی رۆژنامەڤانان هەیە، توندوتیژیی بەرامبەر ژنان زۆربوە، دو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان زەقتربوە، جیاوازیکردن لەگەڵ پارێزگای سلێمانی هەیە، جیاوازیکردن لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن هەیە، رێگەنەدان بە پڕۆژەکان بەبێ داواکردنی هاوبەشی لەگەڵیان هەیەو چونی سەرمایەداران بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان زۆربوە، زۆربونی هێرشەکانی تورکیا و ئێران زۆربوەو پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتەکانی کوردستان و دەوروبەر تێکچون، قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکان دا زۆربوە، خزمەتگوزارییەکان کەم بونەتەوە، گەندەڵی زۆرتربوە و کابینەکە سەرکەوتو نەبوە.

مەسرور بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا وتی"دۆخی هەمو کەسێک رەنگدانەوەی لەسەر بۆچونەکانی دەبێت، هەندێک کەس کە بەرژەوەندییەکانیان تێکچوەو دەسەڵاتیان هەیە دەیانەوێت رەشبینی بڵاوبکەنەوە. ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لە وڵاتانی دەوروبەر، کەس لەسەر کاری رۆژنامەڤانی و باوەڕ و کاری سیاسی نەگیراوە. لە هەمو دنیا میدیا لەلایەن کەسانێک یان لایەنێک پشتگیری دەکرێت، ئەوە ئاساییە، بەڵام دەبێت ئەو دەزگایانە سەرچاوەی داهاتیان دیاربێت کە دیارنییە لە کوێوە پشتگیریی دەکرێن. دەبێ وەزارەتی رۆشنبیری لەوبارەوە کاری خۆی بکات. باسی یاسای دیجیتاڵ میدیا کرا، وتی، پڕۆژەیاسای دیجیتاڵ میدیا ئامادەیە و من لەگەڵ ئەوەدام بچێتە پەرلەمان، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت رازی نەبون و وتیان ئەوە کەمکردنەوەی ئازادییە."

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "داهاتی دەروازە سنورییەکان سێ بەرامبەر زیادیکردوە و، قاچاخچێتیش لە دەروازە سنورییەکان دا زیادبوە، بەڵام لە هەمو دەروازە سنورییەکان وەک یەک نییە، داوامانکرد هێزێکی تایبەت بچێتە سنورەکان، بەڵام تائێستا نەکراوەو ئەوکات گوتیان شەڕ دروست دەبێت، من نامەوێت کێشەکان قوڵتر ببن، دەمەوێت چارەسەریان بکەین، ئێستا لە هەوڵداین بیکەین."

هەروەها وتی "ئەوە راست نییە حکومەتی عێراق دوای هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیبێت، ئەوکاتەی لە 2014 دا حکومەتی عێراق بودجەی ئێمەی بڕی، هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوتی هەناردە نەکردبو. هەروەها سۆمۆ هۆکارێکی هەرزانتر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بو، چونکە هەڕەشەی لە هەمو کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان کردبو، کەچی دوایی رەخنەی هەرزان فرۆشتنی لە هەرێمی کوردستان دەگرت. هەروەها خەرجی عێراق لە دەرهێنانی نەوت دا زۆرە."

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە."

سەبارەت دۆسییەی نەوت و گاز وتی، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەپێی دۆخی تازەی عێراق دروستنەکراوە، ئێمە داوامان کردوە "کۆمپانیای سۆمۆ دروستبکرێتەوە و جێگری بەڕێوەبەر لە کوردستان بێت و مافی ڤیتۆی هەبێت".

مەسرور بارزانی رەخنەی لە حکومەتی عێراقیش گرت لەوەی ماوەی 29 مانگدا تەنیا 13 مانگ بڕی ئەو 200 ملیارەی ناردوە کە دەبێت مانگانە بیداتە هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی بەسەر موچەخۆران دا. سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا و رێککەوتنی نوێ، مەسرور بارزانی وتی "نە من و نە هیچ کەسێکی دیکە نابێت دەست لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت."

سەبارەت دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقیش وتی، "کوا دادگەی باڵای فیدراڵی لە عێراقدا هەیە؟، عێراق دادگەی فیدراڵی نییە". هەروەها وتی "ئەو بەناو دادگای باڵای فیدراڵییە بەپێی دەستوری عێراق دروستنەکراوە."

ئەوەشی خستەڕو، پێی سەیرە خەڵکانێک هەبن بڕیاری دادگای فیدراڵییان سەبارەت نەوتی هەرێمی کوردستان پێخۆش بێت و وتی، هیچ شارێکی عێراق ناگاتە ئاستی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە هیچ روێکەوە، تاوەکو خۆزگە بە شارەکانی عێراق بخوازرێت. وتیشی "دەبوایە ئاڕاستەی رەخنەکان بەرەو حکومەتی عێراق بن، نەوەک حکومەتی هەرێمی کوردستان."

 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو دیدارەدا لەبارەی دۆخی ژیانی خەڵکیشەوە رایگەیاند کە دۆخی ژیانی خەڵک خراپ نییە، ئەگەر دۆخی ژیانی خەڵک خراپ بێت بۆچی دو ملیۆن ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە لە هەرێمی کوردستان. خەڵکیش بەوشێوەیە رەشبین نییە، بەڵام هەندێک کەس دەیانەوێت رەشبینی بڵاوبکەنەوە.

لەبارەی پرسی کارەبا و گازەوە، مەسرور بارزانی رایگەیاند "ئێستا 3100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنین، بەڵام توانای بەهەمهێنانی نزیکەی 7000 مێگاواتمان هەیە، گرفتەکە ئەوەیە سوتەمەنیمان نییە و خەرجی گواستنەوەی سوتەمەنی زۆرە بەهۆی دروستنەکردنی ژێرخانێکی باشی گواستنەوەی سوتەمەنی، لەم کابینەیەدا توانیومانە 600 مێگاوات کارەبا زیاد بکەین."

باسی لە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کرد کە دەیەوێت بەرهەمهێنانی گاز زیادبکەن، هەروەها بەرهەمهێنانی کارەبا لە سۆلار و لە گازی سوتاو زیاد بکەن.

ئەوەشی وت، هەرێمی کوردستان لە پرسی ئاوارە و پەنابەران دا ساڵانە بڕی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەکو خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران خەرج دەکات.

سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، وتی "پەکەکە بیانوی تورکیایە بۆ هێرشەکانی تورکیا، با پەکەکە شوێنەکان چۆڵبکات و نەبێتە بیانو بۆ هێرشەکانی تورکیا." هەروەها وتی: هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ دەوڵەتێک نابێ هیچ وڵاتێک هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×