فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی ئاماری شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی پەنابەران بڵاو دەکاتەوە
  2022-06-20       357       

لەڕۆژی جیهانی پەنابەراندا فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ئاماری شەش مانگی سەرەتای  ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوكردەوەو دەڵێت، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی كاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان، لەو ماوەیەدا 276 هەزار هاوڵاتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانەوە لە رێگەی رێكخراوەكەیانەوە ناویان تۆماركردوە بۆ داواكردنی مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتی.

ئاوێنە: فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی ئاماری ڕێکخراوی كاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی جەنگ و نائارامی و ململانێی سیاسی و مەزەهەبی و ئابورییەوە ،ناچارکراون ئاوارەو پەنابەربن گەیشتە  ١٠٠ ملیۆن کەس کە نزیک 50 ملیۆنیان ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکانیان بون.

فیدراسیۆن ئەوەشی خستۆتەڕو، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش (ئای ئۆ ئێم)، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوی سەرەتای ئەمساڵدا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە جیهاندا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی ئارام ژیانیان لەدەستداوە بریتییە لە دو هەزارو ٣٥٨ پەنابەر کە ڕێژەکە زیادی کردو لەچاو شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردو کە بریتی بو لە یەک هەزارو ٤٦٨ پەنابەر کە ژیانیان لەدەست دابوهەروەها ڕاشیگەیاند لەساڵی ٢٠١٤وە ٤٩ هەزارو ٢٧٥ پەنابەر ژیانیان لەدەستداوەو بێسەروشوێن بون لەڕێگەی گەیشتن بە ئەوروپاو وڵاتانی ئارام.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی كاروباری پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان لەناوخۆی عێراق هێشتا یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس ئاوارەن کە پێویستیان بەتەواوی خزمەتگوزارییەکانەو هەروەها چوار ملیۆن و 900 هەزار ئاوارەش لەناوخۆی عێراق گەڕاونەتەوە بۆ شارو ناوچەکانی خۆیان ئەوانیش بەهەمان شێوە پێویستیان بەتەواوی خزمەتگوزارییەکان هەیە .

هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی فیدراسیۆن، سەبارەت بەو عێراقیانەشی بە هەرێمی کوردستانەوە لەدەرەوەی عێراق داوای مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتیان کردوە، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندوە تەنها لە وڵاتانی (تورکیا، سوریا، ئوردن، میسر، لوبنان)، 276 هەزار هاوڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەڕێکخراوەکەمان ناویان تۆمارکراوە بۆ داواکردنی مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتی و هەروەها لەو بڕوایەداین  38 هەزاریان پیویستان بە دوبارە نیشتەجێکردنەوەیە لە وڵاتانی سێیەم.

هەروەها بەپێی ئاماری ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ژمارەی ئەو پەنابەرە کوردانەی لەڕێگای پەنابەرێتی ژیانیان لەدەستداوە لەماوەی ساڵێکدا ٣٢ پەنابەرە کە زۆرینەیان بەهۆی ژیرئاوکەوتنی بەلەمەکانیانەوە ژیانیان لەدەستداوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەبارەت بە داواکردنی مافی پەنابەرێتیش لە یۆنان، بەپێی ئاماری  وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان، لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە، ٣٥ هەزارو ٧٢٩ پەنابەر دوای گەیشتنیان بە یۆنان داوای مافی پەنابەرێتیان کردوە بەم شێوەیە کە پەنابەرانی عێراقی بە هەرێمی کوردستانەوە لە پلەی سێیەمدان: (سوریا ٣٣.٢%، ئەفغانستان ٣٢.٩%، عێراق ١٢.٥%، فرەنەتەوە ١٠.٣%، فەڵەستین ٤.٣%، سۆماڵ ٤.٢%، ئێران ٢.٦% ).

راگەیەندراوەكەی فیدراسیۆن ئاماژەی بەوەشداوە كە بەپێی ئاماری هۆم ئۆفیسی بەڕیتانیاش لەڕێکەوتی ٢/٦/٢٠٢١ تاوەکو ڕێکەوتی ٢/٦/٢٠٢٢ی ئەمساڵ ٥٥ هەزارو ١٤٦ داواکاری پەنابەرێتی داواکراوە کە کۆی گشتی پەنابەرەکان دەگاتە ٦٥ هەزارو ٨ کەس، ئەمەش لە ٥٦% زیادی کردوە لە ئاست ساڵی ڕابردودا کە زۆرینەیان پێکهاتبون لە پەنابەرانی عیراق، هەرێمی کوردستان، ئێران، سوریا، ئەریتریا، ئەلبانیا.

بەپێی راگەیەندراوەكە فیدراسیۆن، لە وڵاتی ئەڵمانیاش لەسەرەتای ئەمساڵەوە، لەڕێکەوتی ١/١/٢٠٢٢ تا ڕێکەوتی ٥/٦/٢٠٢٢، ٦٥ هەزارو ٧٠٧ پەنابەری نەتەوە جیاواز داوای مافی پەنابەرێتیان لە ئەڵمانیا کردوە کە پەنابەرانی عێراقی لە پلەی سێیەمدان بە پێنچ هەزارو ٤٢٠ داواکردنی پەنابەرێتی کە لە ئاست شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردودا زیادی کردوە کە بریتی بوە لە چوار هەزارو ١٤٧ پەنابەری هەرێمی کوردستان و عێراق کە داوای مافی پەنابەرێتیان کردبو. پەنابەرانی سوریش لە پلەی یەکەمدان بە ١٦ هەزارو ٤٧٣، پەنابەرانی ئەفغانیش لە پلەی دوەمدان بە ١٠ هەزارو ٥٧٢، ئەو پێنچ وڵاتەشی زۆرترین ژمارەی پەنابەریان لەخۆگرتوە بریتییە لە تورکیا سێ ملیۆن و ٧٠٩ هەزار پەنابەر، کۆڵۆمبیا یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار پەنابەر، پاکستان یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار پەنابەر، ئۆغەندا یەک ملیۆن و ٤٠٠هەزار پەنابەر، ئەڵمانیا یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار پەنابەر .

سەبارەت بە ئاماری شەشی مانگی سەرەتایی ئەم ساڵیش ٢٠٢٢ لە وڵاتی تورکیا، بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ واتا لە ڕێکەوتی ١/١/٢٠٢٢ تا ڕێکەوتی ٢/٦/٢٠٢٢ لەسنورەکانی تورکیاو ناوشارەکان دەستگیرکراون، بریتییە لە ١٠٠ هەزارو ٩٧٤ پەنابەرە کە ئەمەش دو هێنێدە زیاتربوە لەئاست ساڵی ڕابردودا لەهەمان کات و ڕێکەوتدا کە بریتی بو لە دەستگیرکردنی تەنها ٤٥ هەزارو ٧١٦ پەنابەر.

ئەوەش خراوەتەڕو، پەنابەرانی ئەفغانی لە پلەی یەکەمی دەستگیرکراوەکاندا بە ٤٩ هەزارو ١٠١ پەنابەرو پەنابەرانی سوریاش لە پلەی دوەمدان بە ١٤ هەزارو ٩٢٥ پەنابەر کە دەستگیرکراون.

هەروەها سەبارەت بەدەستگیرکردنی پەنابەرانی عێراقیش بریتیە لە یەک هەزارو ٧٣٧ پەنابەر کە لەئاست ساڵی ڕابردودا لەهەمان ڕێکەوت و کاتدا زیادی کردوە کە بریتی بو لە یەک هەزارو ٥٦٦ پەنابەر دەستگیرکرابون ئەمە لەکاتێکدا تورکیا زۆر بەزەحمەت ڤیزا دەدات بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

هەروەك لە راگەیەندراوەكەی فیدراسیۆندا هاتوە، لە توركیا، هاتنی پەنابەر لەمساڵدا زۆر زیادی کردوە بەهۆی کەمبونەوەی بەربەستەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناو ئاسایی کردنەوەی ژیان لەتورکیا هەروەها بەهۆی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن تیرۆرستانی تاڵیبانەوە کە رۆژانە هەزار پەنابەری ئەفغانی هەوڵی پەڕینەوە دەدەن بۆ تورکیا لەڕێگایی ئیرانەوە هەروەها بەهۆی جەنگی بەردەوامی ناوخۆی سوریاو جەنگی ئۆکرانیاش هەروەها لەباری کەش و هەواش بەهۆی وەرزی هاوینەوە شەپۆلەکانی دەریا تا ڕادەیەک گونجاون تا پەنابەران لێی بپەڕنەوە.

سەبارەت بەو قاچاخچیانەشی لەماوەی سەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە توركیا دەستگیرکراون بریتیە لە سێ هەزارو ٥٤٨ قاچاخچی کە ئەم ژمارەیەش لەئاست ساڵی ڕابردودا لەهەمان ڕێکەوت و کاتدا زیادی کردوە کە بریتی بو لە دو هەزارو ٤٤٢ قاچاخچی کە دەستگیرکرابون.

سەبارەت بە ژیان لەدەستدانی پەنابەرانیش لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە توركیا، بریتیە لە ژیان لەدەستدانی ٢٠٠ پەنابەر کە لە ئاست ساڵی ڕابردودا لەهەمان ڕێکەوت و کاتدا زیادی کردوە کە بریتیی بوە لە ژیان لەدەستدانی ١٦٨ پەنابەر.

وتوشیەتی"بەشێکی ژیان لەدەستدانی ئەم پەنابەرانە بەهۆی پاسەوانانی سنوری یۆنانەوە بون کە ئەوان هۆکاربون بە ژیان لەدەستدانیان کە زۆر نامرۆڤانە بێ هیچ  جل و بەرگێک دیپۆرتیان دەکردنەوەو لەسەرمادا ڕەق دەبونەوەو ژیانیان لەدەستدەدا."

سەبارەت بە داواکردنی ئیقامەی گەشتیاریش لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە تورکیا، ئەوە خراوەتەڕو، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵیش لە پلەی یەکەمدان بۆ داواکردنی ئیقامەی گەشتیاری و خوێندن و كاتی کە بە ژمارە بریتیە لە ١٦٢ هەزارو ١٠٨ داواکردنی ئیقامە کە جگە لەوەی لە پلەی یەکەمدا لەئاست شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ڕابردودا زۆر زیادی کردوە کە پێشتر بریتی بو لە ١٣٢ هەزارو ٨١٣ داواکردنی ئیقامەو لەو ژمارەیەش تەنها ٧ هەزارو ٥٨٥ کەس داوای ئیقامەی خوێندنیان کردوەو ئەوانەی داوای ئیقامەیانکردوە زۆرینەیان  گەنجانن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×