ڕۆژهەڵاتی کوردستان: پێنج حاڵەتی گومانلێکراوی کۆلێرا تۆمارکراون کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان بون
  2022-06-21       315       

لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێنج حاڵەتی گومانلێکراوی کۆلێرا تۆمارکران، کە سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە و باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.

ئاوێنه‌: فەرزام بیداپور جێگری سەرۆکی بەشی پزیشکیی زانکۆی سنە بە ئاژانسی ئیرنای ڕایگەیاند، ئەو پێنج حاڵەتەی گوماندەکرێت کۆلێرایان بێت، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا وەکو گەشتیار چوونەتە هەرێمی کوردستان.

پێنج گومانلێکراوەکە، چواریان خەڵکی مەریوان و یەکێکیان خەڵکی سەقزە، گومان دەکرێت لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆلێرا بووبن، یەکێک لە تووشبووەکان باری تەندروستیی ناجێگیرە و چوارەکەی دیکە ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی سنە ئاماژەی بەوەکردووە، نمونە لە گومانلێکراوەکان وەرگیراوە و ڕەوانەی تاقیگەی ناوەندی کراوە، چاوەڕێی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەکەن.

لەگەڵئەوەی تائێستا ئەنجامەکان پشتڕاستنەکراونەتەوە، بەڵام هەڵمەتی هۆشیاری لە شارەکانی بانە، مەریوان، سەقز و سەروئاباد دەستیانپێکردووە، دکتۆر فەرزام بیداپور باسی لەوەکردووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای سنە ڕێکارەکانی لە خاڵە سنوورییەکان دەستپێکردووە.

دەڵێت، ڕێکارەکان بۆ ئەو ناوچانەی ئاوی کانی و سەرچاوەکان بەکاردەهێنن دەستیانپێکردووە، هەروەها لە ڕێستۆرانت و خواردنگەکان سەوزە قەدەغەکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×