ئێران‌و ڕوسیا ئامادەکارییان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە سەربازییەکەی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ده‌ستپێكردووه، پێگه‌یه‌كى ئه‌مریكیش زانیاریی گرنگ له‌وباره‌یه‌وه ئاشكراده‌كات.
ئاوێنه: پێگەی "مۆنیتۆر"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەئەگەری پەلاماری سەربازیی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان‌و ئامادەکارییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووەو باسی لەوەکردووە، هێزە سەربازییە نانیزامییەکانی سەر بەڕوسیاو ئێران‌و دیمەشق، ناوەندێکی هاوبەشیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى تورکیا دروستکردووە.
ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن محەمەد حەردانەوە ئامادەکراوە باسی لەوەکردووە، ئەو هێزە چەکدارییانەی لەلایەن ڕوسیا‌و ئێران‌و دیمەشقەوە پشتیوانیدەکرێن، لەژێر ناوی "نەجم ئەلشیمالی" ناوەندێکی هاوبەشیان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دروستکردووە.
پێگەکە وتویەتی:"ئەو ناوەندە هاوبەشەی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەوێتە ناو بنکەیەکی سەربازیی ڕوسیا لەباکوری شارى حەلەب‌و ئامانجیش لەدروستکردنی، ئیدارەدانی بەرەی شەڕو دیاریکردنی سنوری پاشەکشەکردن‌و پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتە لەبەرەنگاربوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گریمانکراوەکەی تورکیا".
ئه‌وه‌ش هاتووه، ئەوەى چاوه‌ڕوانده‌كرێت، پێچەوانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێشووتری تورکیایە لەباکووری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) کە ڕووبەڕوی هیچ جۆرە بەرهەڵستییەکی سوپای سوریا‌و گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئەسەد نەبۆتەوە.
سەبارەت بەو بابەتەش، یەکێک لەفەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەکردووە، لایەنە پێکهێنەرەکانی ناوەندی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان بریتین لەسوریاو ئێران.
وتوشیه‌تى:"تاران دەیەوێت هەموو ئەو ناوچانە بپارێزێت کە زۆرینە شیعەن، لەوكاته‌شى ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ئامادەکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی لەسوریا ڕاگەیاندووە، دانوستانەکانی نێوان ئێران‌و تورکیا لەسەر ئەو پرسە بەردەوامن".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، دوێنێ میخائیل بۆ‌گدانۆڤ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا ڕایگه‌یاند، "مۆسكۆ به‌رده‌وامه له‌هه‌وڵه‌كانی بۆئه‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره دەستبەرداری هه‌ر جۆرە ئۆپەراسیۆنێكی سه‌ربازی له‌باكوری سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) بێت".
بۆ‌گدانۆڤ له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا وتویه‌تی:"به‌رده‌وامین له‌كاركردن له‌گه‌ڵیاندا به‌هیوای ئه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنێكی سیاسی‌و دیبلۆماسی لەسەر ئەو پرسە بێته ئاراوه."
هەر دوێنێ، ڕۆژنامه‌ی "توركیا"ی توركی بڵاویكرده‌وه، ئه‌نكه‌ره سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانى بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنی سه‌ربازیی له‌باكوری سوریا تەواو کردووە.