ساڵح موسلیم داوای كردنەوەی دەروازەی نوێ بەڕووی رۆژئاوا دەكات
  2022-06-22       496       

ساڵح موسلیم داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەكات دەروازەیەكی نێوان رۆژئاوای كوردستان و عێراق بكاتەوە.

ئاوێنه‌: ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (هەسەدە) ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دەروازەی‌ باب هەوا كارتێكە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەكان بە دەست توركیاوەو داواشیكرد نەتەوە یەكگرتوەكان دەروازەیەكی نێوان رۆژئاوای كوردستان و عێراق بكاتەوە.

ئەو قسانەی‌ موسلیم دوای ئەوە دێت ئەنتۆنیۆ گۆتیریش، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەنجومەنی ئاسایشی هاندا رۆژی سێشەممە میكانیزمەكانی گەیاندنی كۆمەكییەكان بە سوریا بەرفراوان بكرێت و بڕیاری 2585ی‌ ساڵی 2021 سەبارەت بە پرۆسەكان لەرێی سنورەوە نوێبكرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی نۆرس پرێس، موسلیم باسی لەوەكردووە، دەروازەی‌ باب هەوا (33 كیلۆمیتر لە شاری ئیدلەبەوە دورە) كارتێكە بە دەستی توركیاوە بۆ ژیاندنی گرووپەكانی‌ لایەنگری خۆی، بۆیە ئەو بابەتە سەرنجی توركیاو رووسیا بەلای خۆیدا رادەكێشێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، قسەكردن لەسەر كۆمەكییە مرۆییەكان نوێ نییەو هەموو لایەنەكان كردیانە بە بابەتێك بۆ دانوستان و كارتێك بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتە سیاسییەكان.

هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی پێیوایە تاكە دەروازەیەك خزمەتی گەلی سووریا بكات، بەبێ مەبەستی سیاسی، دەروازەی‌ (یەعرەبیە)یەو نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانێت خزمەتگوزارییەكانی هەرچۆن بوێت بگەیەنێت بەبێ ئەوەی حكومەتی سوریا بیقۆزێتەوە.

لە كانونی دوەمی 2020 ئەنجومەنی ئاسایش رێگەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكانی هەڵوەشاندەوە بۆ بەكارهێنانی دەروازەی یەعرەبییەی سنووری لە نێوان رۆژئاوای كوردستان و عێراق، دواتریش لە مانگی تەموزدا بە تەواوەتی ئەو دەروازەیە داخرا دوای ئەوەی‌ چین و رووسیا ڤیتۆیان بەكارهێنا.

ساڵح موسلیم ئاماژەی‌ بەوەدا، رووسیا هەوڵی ئەوە دەدات “حكومەتی سووریا دەستی باڵای هەبێت لە برسیكردنی گەل یاخود خۆشگوزەراندنی.”

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×