هاوپەیمانی سەروەری: پاڵپشتی پرۆسەی سیاسی دەکەین
  2022-06-23       357       

هاوپەیمانی سەروەری رایگەیاند، لایەنەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە رێکەوتون لەسەر پاڵپشتی کردنی پرۆسەی سیاسی و جەخت لە داواکارییەکانی هاوڵاتیانی پارێزگا رزگارکراوەکان  و هەر جوڵەیەکی داهاتویان دەکەنەوە.

ئاوێنه‌: هاوپەیمانی سەروەری، لەراگەیەندراوێکدا کە درەنگانی شەوی رابردو بڵاویکردەوە رایگەیاندوە،" لەناو بارەگای هاوپەیمانێتییەکە لەشاری بەغداد، بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی و سەرکردەکانی دیکەی سەروەری کۆبوینەوە، دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی گۆڕەپانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە و  جەخت لە گرنگی دەرچون بەیەک هەڵوێستی سیاسییەوە کرایەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە،"لە کۆبونەوەکەدا رێکەوتوین لەسەر پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی و جەختمان لە داواکاری پارێزگا رزگارکراوەکان و هاوڵاتیانیان و پشتگیرکردنیان لە هەر جوڵەیەکی داهاتو کردەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق ئەنجامدراوە، تائێستا لایەنە سیاسییەکان رێکنەکەوتون لەسەر پێکهێنانی حکومەت و لەدوای کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان، چەندین هەوڵدراوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبوە.

هاوپەیمانی سەروەری لە هەردو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم پێکهاتوە، خۆی لە 71پەرلەمانتار دەبینێتەوە و لەلایەن خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەزمەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×