بەرپرسێك لەبارەگای بارزانی: عێراق سەقامگیر نابێت كە سەدرییەكان لە دەرەوەی پڕۆسەكە بن
  2022-06-23       183       

عەرەفات كەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی دەڵێت، عێراق سەقامگیر نابێت كە سەدرییەكان لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی بن.

ئاوێنە: عەرەفات كەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تویتێكدا رایگەیاند،"ئەوەی پێتان دەڵیم بیرتان دەكەوێتەوە، وڵات سەقامگیرنابێت كە سەدرییەكان لە دەرەوەی یارییەكە بن."

وتوشیەتی"بەوردی بیربكەنەوە بەرلەوەی هەر بڕیارێك بدەن، ئەوەی هەندێك دەیكەن خۆكوژییە."

ئەوەش لەكاتێكدا، بە بەشداری فراكسیۆنی پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننەكان كە پێشتر هاوپەیمانی سێقۆڵییان لەگەڵ سەدر هەبو، ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا شوێنە بەتاڵەكانی پەرلەمانتارانی سەدر پڕكرانەوە.

دوابەدوای دانیشتنەكەی پەرلەمانیش، لایەنە بەشدارەكانی دانیشتنەكە لە راگەیەندراوێكدا جەختیان لە پابەندبون بە كاری جددی و پەلە بۆ پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی، سازان و شەراكەت و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم و دەركردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر بنەمای دەستور كردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×