مەسرور بارزانی: جێبەجێكردنی یاسای باج لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانە
  2022-06-23       433       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی سەردانیدا بۆ وەزارەتی دارایی رایگەیاند، كابینەی نۆیەم، هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندوە بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردوە کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. دەشڵێت، جێبەجێكردنی یاساكەش لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانەو موچەی پێ دەدرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوری کرد و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، پێشوازی لێ کرا.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، دواتر سەرۆکی حکومەت، بە ئامادەبونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابوری کرد.

لە دەستپێكی كۆبونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابوری، رایگەیاند"بەشێکی زۆری جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ئابورییە کە بە هاوکاری و پشتیوانی بەهێزی سەرۆکی حکومەت، توانیویانە لە هەردو بواری کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، پێشکەوتن بەدەست بهێنن."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، باسی لەوە کرد کە "بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش ، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبوین لە چاکسازی و بە هۆی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزرکردن ببەین بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریێتی و بارگرانییەک بۆ نەوەکانی داهاتو دروست نەکەین."

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کردوەو رایگەیاندوە"لە 200 ملیۆن دۆلارەوە بوەتە 70 ملیۆن دۆلار،  کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبوەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت."

سەرۆکی حکومەت دوپاتی کردەوە، کە "داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی ڕێژەیی باشتربوە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاوڵاتییان دروست بکات."

هەروەها مەسرور بارزانی وتویەتی"کابینەی نۆیەم، هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندوە بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردوە کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاوڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نمونە موچەی پێ دەدرێت و جوڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت ."

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە "گرنگیی کاراکردن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و خەرجی و داهاتەکانی حکومەت  کرد کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕونی و شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕوتین و ڕێگریکرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×