دوای 21 ساڵ چاوەڕوانی، كوردێك مافی پەنابەری وەرگرت و پاش چەند رۆژێك گیانی لەدەستدا
  2022-06-23       1083       

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاشكرایكرد، دوای 21 ساڵ چاوەڕوانی، هاوڵاتییەكی كوردی خەڵكی زاخۆ، مافی پەنابەرێتی لە وڵاتی ئیتالیا وەرگرتوە، بەڵام دوای چەند رۆژێك لە وەگرتنی مافی پەنابەرێتی گیانی لەدەستداوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی دەزگاكە، ئەو پەنابەرە كوردە ناوی "شڤان عومەر ئیبراھیم"، تەمەنی 49 ساڵ، خەڵكی شاری زاخۆیە، لە ئیتالیا بەھۆی نەخۆشیەوە گیانی لە دەست داوەو دوای دۆزینەوەی تەرمەكەی لە یەكێك لە پاركەكانی شاری ڤەنتیملا، ڕەوانەی پزیشكی دادی ئەو شارە كراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بەوتەی خێزانەكەی ڕۆژێك پێش گیانلەدەستدانی، پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە كردوەو پێی ڕاگەیاندوە كە دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان بەڵام مەرگی لە ناكاو ڕێگەی پێنەدا بگەڕێتەوە.

ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بە خێزانی كۆچكردوی ڕاگەیاند كە ھاوكارو ھەماھەنگی  تەواویان دەبێت لە گەڕانەوەی تەرمی كوڕەكەیان بۆ زێدی خۆی.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×