بەرپرسێكی پارتی: كۆبونەوەكانی یەكێتی و پارتی بەردەوام دەبن
  2022-06-24       573       

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە پارتی و یەکێتی لەسەر کۆبونەوەکانیان بەردەوام بن و مەرجی پارتییش بۆ بەشداری لە حکومەتی داھاتوی عێراق جێبەجێکردنی دەستورە.

ئاوێنە: سەعید سەلیم پشدەری، بەرپرسی لقی چواری پارتی، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی ڕاگەیاند: "ھەرکاتێک ئێمە یەکگرتو بین، سەرکەوتن مسۆگەر بوە، لەبەر ئەوەش دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەستی پێ کردوە و بڕیارە کۆبونەوەکان بەردەوام بن تا بگەینە ئەنجامێک، بەڵام ڕۆژی بەڕێوەچونی کۆبونەوەی داھاتو نازانم کەی دەبێت."

لەبارەی بەشداریی پارتی لە حکوومەتی عێراقدا بەرپرسەکەی پارتی وتی''ئێمە بەشێکین لە عێراق، لەبەر ئەوەش ناتوانین لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەشدار نەبین، تا بەشێک بین لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای عێراق، لە ڕابردودا شاندی دانوستانی پارتی سەردانی بەغدای کردوە و بەپێچەوانەوە، چەندین جار شاندی عێراقیش ھاتونەتە خزمەت بارزانی و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو ڕەوشەی ژینگەی عێراق توشی بووە و ئەو کێشانەی ڕوبەڕوی لایەنە عێراقییەکان بوەتەوە، چارەسەر بکرێن."

سەعید سەلیم پشدەری وتیشی: ''مەرجی پارتی، ئەو داواکارییانەی دەستورن، کە کورد لە عێراق ھەیەتی، واتە ئەو ماددانەی دەستور دیاری کردون، ئەویش پەیوەستە بە شایستە دارایی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە، واتە مەرجی پارتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستانە لە حکومەتی داھاتوی عێراقدا و ھەر کەس و لایەنێک ئامادەی جێبەجێکردنیان بێت، پارتی ئامادەیە حکومەت لەگەڵ ئەو لایەنە پێک بێنێت.''

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×