لەبارەی داگیرکردنی کێڵگەی کۆرمۆر لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت
  2022-06-25       1575       


بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم ڕەتی کردەوە ھیچ ھێزێکی عێراقی ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کێڵگەی کۆرمۆری دابێت و دەشڵێت، "ئەوە ئێمەین بەدوای ھێرشبەرانی سەر کێڵگەکەدا دەگەڕێین و کێوماڵی ناوچەکە دەکەین."   

ئاوێنه‌: سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم بە میدیای فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، "دوای ھێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ھێزەکانی ئەمنی و پۆلیسی نەوت و غاز دەستیان بە کێوماڵکردنی سنوورەکە کردووە، بەتایبەتی بۆشاییی ئەمنی ھەیە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سەنگەری ھێزە عێراقییەکاندا، چونکە ھەندێک سەرەداومان دەست کەوتوون لە ھێرشەکەی دوێنێدا کە لە دووری ١٠ کیلۆمەترەوە مووشەک ئاراستەی کۆرمۆ کراوە و لەو سنوورەی مووشەکی لێوە ئاراستە کراوە، شوێنی ئۆتۆمبێڵ دیارە.''  

ئاماژەی بەوەشکردووە، ''کاتێک ھێزەکانی ھەرێم بەدوای ھێرشبەراندا گەڕاون لەو ناوچەیەی بۆشاییی ئەمنی ھەیە، ئەمڕۆ ھێزێکی عێراقی لە سنووری ناحیەی نەوجول و زنانە جووڵەیان کردووە ھەر بۆ پرسیارکردن لەبارەی کێوماڵی ھێزەکانی ئێمەوە، بەڵام پێشمەرگە ڕێگەی نەداوە بێنە ناو سنووری ئێمەوە و ھیچ ھێرشێک نەبووە.''  

لەبارەی ڕەوشی ناحیەکەوە سدیق محەمەد باسی لەوەکردووە، " ''موشەکەکان ھیچ زیانیان نەبووە و کۆمپانیای دانەغاز لە کارکردن بەردەوامە و ھێزەکانی ئەمنی و نەوت و غاز ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان لەسەرە، ڕەوش ئارامە لە قادر کەرەم و کارکردن لە کێڵگەی کۆرۆمۆر ئاساییە، بەڵام نایشارینەوە ئێمە بەدوای ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی ھێرشکردنەی سەر کۆرمۆرین.''  

  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×